دوای 40 ساڵ ئێران كێشه‌ وه‌رزشییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل چاره‌سه‌ر كرد

له‌مه‌ودوا وه‌رزشوانه‌ ئێرانه‌كان ده‌توانن به‌رامبه‌ر ئیسرائیل یاری بكه‌ن

دوای هەڵگیرسانی شۆرشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979، دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی ئێران قەدەخەیان کرد وەرزشوانەکانیان لە گۆڕەپانە وەرزشیەکان وەکو رێزگرتنێک بەرامبەر خەڵکی فەلەستین رووبەڕووی ئیسرائیلیەکان ببنەوە، بەڵام دوای 40 ساڵ فێدراسیۆنی جۆدۆی جیهانی ئەم بریارەی هەڵوەشاندەوە و لەمەودوا وەرزشوانە ئێرانیەکان دەتوانن رووبەرووی ئیسرائیلیەکان ببنەوە.

ئەم بریارەی دەسەڵاتدارانی ئێران هەر لەو کاتەوە چووە بواری جێبەجێکردن و چەندینجار وەرزشوانانی هەردوولا بەریەککەوتن، بەڵام ئێرانیەکان ئامادە نەبوون یارییەکە بکەن و بە دۆڕاو هەژمار دەکران.

ئێستاش دوای 40 ساڵ بۆ جاری یەکەم، فێدراسیۆنی جۆدۆی جیهانی داوای لە بەرپرسانی فێدراسیۆنی ئێران کردووە کۆتایی بەم بابەتە بهێنرێت و لەلایەن خۆشیانەوە دەسەڵاتدارانی ئێرانی دوای راوێژ لەگەڵ حکوومەتی وڵاتەکەیان، ئەم بریارەی فێدراسیۆنی جیهانی جۆدۆیان پەسەند کردووە و رایانگەیاندووە لەمەودوا ئامادەن رووبەرووی هەموو وەرزشوانێک ببنەوە بە ئیسرائیلیەکانەوە.

وەرزشوانە ئێرانیەکان لەم 40 ساڵەی رابردوو بە تایبەت لە یارییە تاکیەکانی وەکو زۆرانبازی، جۆدۆ، کاراتێ و هاوشێوەکانی بە هۆی ئامادەنەبوونیان بەرامبەر وەرزشوانە ئیسرائیلەکان، چەندیجار لە ناسناوەکان بێ بەش بوون، بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم بریارە، پێدەچێت پاڵەوانە ئێرانیەکان زیاتر خۆیان لەسەر سەکۆکانی پاڵەوانی ببیننەوە.