یاریی کلاسیکۆ لە وادەی خۆی بەڕێوە ناچێت

بۆ ماوەی دوو مانگ دوادەخرێت

لەبەر ئەوەی یانەکانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا رەتیانکردەوە رازی بن یاریگای یاریی کلاسیکۆ بگۆڕێت، بە رێژەیەکی زۆر یاریی کلاسیکۆ بۆ ماوەی دوو مانگ دوادەخرێت.

میدیاکانی کەتەلۆنیا و ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، لێژنەی پێشبڕکێیەکان دەیویست یاریی یەکەمی کلاسیکۆ لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بکرێت لەجیاتی ئەوەی لە کامپ نوو ئەنجام بدرێت، بەڵام هەردوو یانەکە بەم پێشنیارە رازی نین، بۆیە پێشبینی دەکرێت یارییەکە بۆ ماوەی دوو مانگ دوابخرێت و لە سەرەتای مانگی دیسێمبەر یارییەکە بەڕێوە بچێت، کە ریال مەدریدیش بەم پێشنیارە رازییە.

بەهۆی دۆخی سیاسی ئیسپانیا و کەتەلۆنیا و زیادبوونی گرژییەکانی نێوان کەتەلۆنییەکان و مەدریدییەکان و دەستگیرکرانی سەربەخۆخوازانی کەتەلۆنیا، حکومەتی ئیسپانیا پێداگیری لەسەر دواخستنی یاریی کلاسیکۆ دەکات، تاکو رۆژی چوارشەممە لێژنەی پێشبڕکێیەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دوایین بڕیاری خۆی لەبارەی یاریی کلاسیکۆ دەدات، ریال و بارساش تاکو رۆژی دووشەممە کاتیان هەیە بۆ ئەوەی دوایین هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن.

وابڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو کاتژمێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ یاریی کلاسیکۆی یەکەمی لالیگا لە یاریگای کامپ نوو بکرێت.