ماڕادۆنا: من مێسیم فێری چۆنێتی لێدانی راسته‌وخۆ كرد

ماڕادۆنا: مێسی له‌ لێدانی راسته‌وخۆ زۆر خراپ بوو داوای لێكردم فێری بكه‌م

دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا لە کاتی ناسێنرانی وەکو راهێنەری یانەی خیمناسیا لاپلاتای ئارجێنتینی، لە وەڵامی رۆژنامەنووسان رایگەیاند ئەو مێسی فێرکردووە چۆن لێدانی راستەوخۆ جێبەجێ بکات، کە لە ساڵانی ٢٠٠٨ تاکو ٢٠١٠ مارادۆنا وەکو راهێنەری ئارجێنتینا راهێنەری مێسی بوو.

ماڕادۆنا له‌ پرێس كۆنفرانسێك ده‌ڵێت: لەبەر چاوی هەمووان دەڵێم من زۆر یارمەتی مێسیم داوە، کاتێک راهێنەرایەتی مێسیم کرد، ئەو یاریزانێکی زۆر نایاب بوو بە ئاسانی دەیتوانی پێنج یاریزان بەیەکەوە ببڕێت، بەڵام لە جێبەجێکردنی لێدانی راستەوخۆ زۆر خراپ بوو، نەیدەزانی چۆن لێدانی راستەوخۆ جێبەجێ بکات.

ماڕادۆنا گوتیشی: هەمیشە تۆپەکەی ئاراستەی ناوەڕاستی گۆڵ دەکرد و داوای لێکردم فێری بکەم چۆن لێدانی راستەوخۆ جێبەجێ بکات، منیش پێمگوت چۆن شووت لە تۆپ بدات بۆ جێبەجێکردنی لێدانی راستەوخۆ، داوام لێکرد شووت لە ناوەڕاستی تۆپ بدات.

ئایا خەڵاتی ئۆسکام پێدەبەخشن لە بەرامبەر ئەوەی فیری مێسیم کردووە؟ ماڕادۆنا ده‌ڵێت: دوای ئەوەی کۆمەڵێک راهێنانم لەسەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی لێدانی راستەوخۆ کرد، فێر بوو چۆن تۆپ ئاراستەی لایەکانی گۆڵ بکات و ئێستا زۆربەی لێدانە راستەوخۆیەکان بە دروستی و سەرکەوتوویی جێبەجێ دەکات.

ماڕادۆنای ٥٨ ساڵان لەوەتەی ساڵی ١٩٩٧وە دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کردووە، بەڵام پێچەوانەی سەردەمی یاریزانبوونی هیچ دەستکەوتێکی نەبووە، لەوەتەی ساڵی ٢٠١٠ـه‌وە یەکەمجارە دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی و لە ئارجێنتینا دەست بە کارکردن دەکاتەوە.

جگە لە راهێنەرایه‌تیکردنی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا تاکو ئێستا ماڕادۆنا راهێنەرایەتی هیچ یانەیەکی گەورەی نەکردووە، تەنیا لە خولەکانی ئارجێنتینی و ئیماراتی و مەکسیکی کاری کردووە.