بارتۆمیۆ هۆکاری نهێنییەکانی پشتەوەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ پاریس سانجێرمان ئاشکرا دەکات

بارتۆمیۆ: چوار یانە بۆ گواستنەوەی نێیمار لەسەر هێڵ بوون

جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ میدیاکانی ئیسپانیا باسی هۆکاری سەرنەگرتنی گرێبەستی نێیماری کرد و دانیشی بەودانا لە هەڵبژاردەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا خۆی بەربژێر ناکاتەوە و مێسیش دەتوانێت هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا هەڵبوەشێنێتەوە و بچێتە یانەیەکی دیکە.

بارتۆمیۆ لەبارەی چارەنووسی خۆی و یانەکەی لە دیمانەکەیدا گوتی 'هاوینی داهاتوو دەست بە نۆژەنکردنەوەی یاریگای کامپ نوو دەکەین و تاکو ساڵی 2024 دەخایەنێت، من بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا خۆم بەربژێر ناکەمەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین دەنگدان بکەینە ئەلیکترۆنی، ئەگەر بتوانین %100 کۆنتڕۆڵی پرۆسەکە بکەین هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەینە ئەلیکتۆرنی، بەڵام ئەگەر تەواو دڵنیا نەبین شێوازێکی دیکە پەیڕەو دەکەین، گفتوگۆ لەگەڵ کارلێس پویۆل دەکەین و داوامان لێکردووە بێتە دەستەی کارگێڕی و لە یانەکە کار بکات، ئێمە لە رووی دۆخی ئابورییەوە زۆر باش و بەهێزین، تەنیا 160 ملیۆن یۆرۆ قەرزاری'. 
بارتۆمیۆ لەبارەی نێیمارەوە گوتی 'لەبەر ئەوەی نێیمار لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا بوو، پاریس سانجێرمان دەرگای رۆیشتنی لەسەر کردبووەوە ئێمەش هەوڵمان دا بیگوازینەوە، بەڵام مێسی بە هیچ شیوەیەک داوای گەڕانەوەی نێیماری نەکردووە، ژووری جلگۆڕینی یاریزانانیش بڕیار نادات کێ دێتە یانەکەمان، سێ بۆ چوار یانە لەم هاوینە دەیانویست نێیمار بگوازنەوە ریزەکانیان، ریال مەدرید یەکێک بوو لەو یانانە، گەرچی پاریس سانجێرمان ئامادەبوو نێیمار بفرۆشێت، بەڵام داوای گرێبەستێکی گەورەی دەکرد، ئێمە ئۆفەرێکمان پێشکەرش کردن بە خواستن نێیمار بگوازینەوە و دواتر بە ناچاری بیکڕینەوە، نێیماریش هەموو شتێکی لەپێناوی گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا کرد، بەڵام دواجار لە پاریس سانجێرمان مایەوە، لە گواستنەوەی زستانەی یاریزانان هەوڵ بۆ گواستنەوەی نێیمار نادەین، بەڵام لەوانەیە لە داهاتوو نێیمار بگەڕێتەوە بارسێلۆنا'.

بارتۆمیۆ لەبارەی چارەنووسی مێسیش گوتی 'مێسی هاوینی 2021 گرێبەستەکەی کۆتایی دێت و بەگوێرەی گرێبەستەکەشی دەتوانێت هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و بچێتە یانەیەکی دیکە، بەڵام مێسی بۆ ماوەی ساڵانێکی دوو ر درێژ لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە'.