مردنی كچه‌ هانده‌ره‌كه‌ی ئێران میدیاكانی جیهانی هه‌ژاند

ئه‌و كچه‌ی له‌ پێناو هاندانی تیپه‌كه‌ی به‌ جلوبه‌رگی پیاوان چووه‌ نێو یاریگه‌ خۆی سووتاند

 ئەو کچە ئێرانییەی لە داخی دادگاییکردنی لە بەرامبەر چوونی بۆ یاریگا هەفتەیەک لەمەوبەر خۆی سوتاندبوو دوێنێ گیانی لەدەست دا و لەسەر ئاستی وەرزش ئێران دەنگدانەوەیەکی گەورەی ناوەتەوە و داوای هەڵوێست لە فیفا دەکەن.

 ئەو کچە هاندەری یانەی ئیستیقلال بوو شەش مانگ لەمەوبەر ویستبووی بە جل و رووخساری پیاوانەوە لە یاریی یانەکەی ئامادەبێت لە کاتێکدا بەپێی یاسای ئێران چوونە ژوورەوەی خانمان قەدەخەیە.

سه‌حه‌ر ئەو کچە ئێرانییە بوو لە دژی قەدەخەکرانی لە چوونی بۆ ناو یاریگاکانی تۆپی پێ خۆی سوتاند، گیانی لەدەست دا و دەسەڵاتدارانی ئێران بە نهێنی تەرمەکەیان ناشت.

لەبەر ئەوەی لە ئێران چوونە ژوورەوەی یاریگاکانی تۆپی پێ لە کچان و خانمان قەدەخەیە و سەحەری 29 ساڵان شەش مانگ لەمەوبەر لەپێناوی سەیرکردنی یارییەکی یانەی ئیستیقلال هەوڵیدابوو بچێتە ناو یاریگای ئازادی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و درایە دادگە.

 دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ دەستبەسەرکرابوو، پێش ئەوەی دادگا بڕیار بدات سەحەر بۆ ماوەی شەش مانگ زیندای بکات، ئەو کچە ئێرانییە لە بەردەم دادگای سەورە لە داخی بڕیارەکەی دادگا و قەدەخەبوونی چوونی بۆ هاندانی یانەکەی خۆی سوتاند و بەهۆی سوتانی %90ی جەستەی دوای هەفتەیەک مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

تاکە تاوانی سەحەر ئەوە بوو شەیدای سەیرکردنی یارییەکانی یانەی ئیستیقلال بوو، لەبەر ئەوەی رەنگی شین دروشمی یانەی ئیستیقلالە سەحەر بە کچە شینەکە ناوی دەرکردووە، لە خۆشەویستی زۆری بۆ یانەی ئیستیقلال لە مانگی مارسی رابردوو لە یاریی نێوان ئیستیقلال و عەینی ئیماراتی بە جل و رووخساری پیاوانەوە هەوڵی دابوو بچێتە یاریگای ئازادی و لە نزیکەوە هانی یانەکەی بدات، بەڵام لە کاتی پشکنینی ئاشکرابوو.

گەرچی دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵیان دابوو مردنی کچە شینەکە بشارنەوە و بە نهێنی بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەکەی تەرمەکەیان ناشتبوو، بەڵام میدیاکانی ئێران و جیهان هەواڵی گیان لەدەستدانی کچە شینەکەیان پێگەیشت.

بە گوتەی باوک و برای کچە شینەکە، سەحەر یەکەمجاری بوو هەوڵ بدات بچێتە ناو یاریگا، بەڵام ئەو جارە بووە یەکەم و دوایین جار کچە شینەکە بچێتە ناو یاریگا.

مردنی کچە شینەکە بە تەواوەتی وەرزشی ئێرانی هەژاندووە و ئەستێرە دیارەکانی تۆپی پێی ئێران بە دەنگ هاتوون، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ژێر هاشتاگی کچە شینەکە زۆرترین قسە لەبارەی ئەم رووداە تراژیدییە کراوە و داوا لە فیفا دەکرێت هەڵوێست لە دژی ئێران وەربگرێت و دەسەڵاتدارانی ئێران ناچار بکات رێگا بە چوونە ژوورەوەی کچان و خانمان بدەن بۆ ئامادەبوونیان لە یارییەکانی تۆپی پێی خولی ئێران و هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان.