ئالێگری: ئاستی ئه‌م یاریزانه‌ی ئا‌یاكس شۆكی كردم
دوای ئه‌وه‌ی له قۆناخی هه‌شتی چامپیۆنزلیگ، یانه‌كانی ئا‌یاكس و یوڤێنتۆس به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان یه‌كسانبوون، ئالێگری راهێنه‌ری یوڤی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد هێشتا هیچ شتێك یه‌كلای نه‌بۆته‌وه، سه‌رسامی خۆی به دی یۆنگ ده‌ربڕی و گوتیشی: هه‌ر تیپێك خاوه‌نی كریستیانۆ بێت گۆڵكردنی مسۆگه‌ره.
ماسیملیانۆ ئالێگری راهێنه‌ری یوڤێنتۆس له پرێس كۆنفرانسێكدا گوتی: یانه‌ی ئا‌یاكس ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كرد و خاوه‌نی پێكهاته‌یه‌كی به‌هێزن، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی به‌خێرایی له ده‌ستپێكی گێمی یه‌كه‌م گۆڵی به‌رامبه‌ریان تۆمار كرد مه‌ترسیان خسته سه‌ر ئێمه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه توانیمان هاوسه‌نگی خۆمان رابگرین و خۆمان له شكست بپارێزین.
ئالێگری گوتیشی: رۆدریگۆ بێنتانكۆری ناوه‌راستكاری ئۆروگوایی ئاستێكی به‌رزی بۆ یوڤی پێشكه‌ش كرد، به‌شێوه‌یه‌كی باش تۆپه‌كانی ئایاكسی ده‌پچڕاند، زۆر به وردی چاودێری دی یۆنگی ده‌كرد كه سه‌ركردایه‌تی فشاره‌كانی ئایاكسی ده‌كرد، به‌ڵام دی یۆنگ زۆر ژیرانه كاتێك زانی بێنتانكۆر چاودێری ده‌كات شوێنه‌كه‌ی خۆی گۆڕی.
ئالێگری ده‌شڵێت: دی یۆنگ، ئه‌ستێره‌ی یارییه‌كه بوو، خاڵی به‌هێز و مه‌ترسی یانه‌ی ئا‌یاكس بوو، ئێمه زۆر هه‌وڵماندا ئه‌و یاریزانه كۆنترۆڵ بكه‌ین و رایبگرین، به‌ڵام ئه‌و زیره‌كانه مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد.
راهێنه‌ری یوڤی له باره‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆش گوتی: كریستیانۆ دیسان سه‌لماندی ئه‌و یاریزانێكی ته‌واو جیاوازه، كریس له سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی دیكه جیاوازه، له نێو یاریگه زۆر لێزانه ده‌وه‌ستێت و له كاتی پێویست ده‌چێته سه‌ر تۆپ و وریایه و تا له یوڤێنتۆس بێت ئێمه هه‌ست به نیگه‌رانی ناكه‌ین، چونكه گۆڵكردنمان گره‌نتییه.