ساری: کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە دۆخێکی باشدا تێناپەڕێت و ئاساییە بە هاتنە دەرەوەی تووڕە بێت

ماوریزیۆ ساری هۆکاریی هێنانە دەرەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات

ماوریزیۆ ساری هۆکاریی گۆڕانکاریی پێکرانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات و پێیوایە ئاساییە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی هاتنە دەرەوەی لە یاریگە تووڕە بێت و دەڵێت 'پێویستە سووپاسی کریستیانۆ بکەین'.

دوای بردنەوەکەیان دژی ئەیسی میلان کە یۆڤێنتۆس بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئەیسی میلانی بردەوە، ماوریزیۆ ساری لەبارەی هۆکاری هێنانە دەرەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و نارەزایەتیی دۆن دژی بڕیارەکەی گوتی 'پێویستە سووپاسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکەین، هەموو توانایەکی خستە گەڕ بۆ ئەوەی لە یارییەکە بمێنێتەوە، هەموو شتێکی لە یارییەکە کرد، بەڵام من هەستمکرد رۆناڵدۆ بە دۆخێکی باشدا تێناپەڕێت، بۆیە پێمباش بوو لە یارییەکە بیهێنمە دەرەوە'.

هەروەها ساری گوتیشی 'ئاساییە هەر یاریزانێک بەهۆی هاتنە دەرەوەی لە یاریگا تووڕە بێت، بەتایبەتی یاریزانێک کە بە جددی یاریی بکات، کریستیانۆ رۆناڵدۆ مانگی رابردوو لە ئەژنۆی پێکانێکی سوودکی هەبوو، پێموایە بە دۆخێکی باشدا تێناپەڕێت، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی ئازار ئەژنۆی ئێستا بە باشترین دۆخدا تێناپەڕێت، ئەم ئازارەی ئەژنۆی کاریگەریی لەسەر ئاستی هەبووە'.

ماوریزیۆ ساری لەبارەی تووڕەبوونەکەی کریستیانۆ کە یەکسەر چووە ژووری جلگۆڕین و بەگوێرەی میدیاکانی ئیتاڵیاش پێش تەواوبوونی یارییەکە یاریگای ئالیانز ستادیۆمی بەجێهێشتووە، گوتیشی 'تووڕە بوونی هەر یاریزانێک کە لە یارییەک بهێنرێتە دەرەوە تەنیا پێنج خولەک دەخایەنێت، بەڵام هیچ یاریزانێک بەقەدەر راهێنەر لە خەمی بەرژەوەندی گشتیدا نییە'.

کریستیانۆ رۆنالدۆ دوو یارییە لەسەر یەک لەلایەن سارییەوە لە یاریگا دەهێنرێتە دەرەوە، بەرامبەر لۆکۆمتیڤ مۆسکۆ لە خولەکی 81 هاتە دەرەوە و بەرامبەر میلانیش لە خولەکی 55 هاتە دەرەوە، دوای هاتنە دەرەوەی کریستیانۆ یۆڤی لە هەردوو یاریی گۆڵی بردنەوەی کرد.