"هه‌ر هه‌ڵبژارده‌یه‌ك ببیه‌وێت ببێته‌ پاڵه‌وانی مۆندیال ده‌بێت ئه‌و 3 مه‌رجه‌ی تێدا بێت"

پاڵه‌وانی 3 مۆندیالی رابردوو ئه‌و 3 تایبه‌تمه‌ندییه‌یان تێدا بووه‌، بۆیه‌ بوونه‌ پاڵه‌وان

چێنەر عەبدولقادر

ئەگەر پێشبینیکردن بۆ چامپیۆنزلیگ یان خولێکی نێوخۆ قورسبێت، ئەوە بۆ جامی جیھانی ئەم ئەرکە ئاستەمە، چونکە ئەم ھەڵبژاردانە لە سەرانسەری جیھانەوە ھاتوون و ھەریەکە نوێنەرایەتی کلتور و شێوازێکی جیا لە تۆپی پێ دەکەن، بەڵام ھەر ناکرێت ھیچ پێشبینی نەکەین و بڵێین سعودیە یان پەنەما ھەمان ھەلی ئەڵمانیا یان بەرازیلیان ھەیە، بۆ زانینی پاڵێوراوە راستەقینەکان بەیەکەوە ئاوڕێک لە 3 جامی جیھانی پێشوو دەدەینەوە بزانین چیمان بۆ ئاشکرا دەبێت!

سەیرێکی جامی جیھانی 2006، 2010 و 2014 بکەین دەبینین ئەو 3 ھەڵبژاردەیەی بونە پاڵەوان زۆر تایبەتمەندیان تیایە کە لە ھەرسێکیاندا ھاوبەشە، ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو ئامانجەی کە ئەو تیپەی دەبێتە پاڵەوانی روسیا دەبێت ئەم تایبەتمەندیانەی تیابێت.

گۆڵپارێز:

ھەر لە نوێرەوە بۆ کاسیاس و بوفۆن پێمان دەڵێن کە ھەر ھەڵبژاردەیەک خاوەنی گۆڵپارێزیكی زۆر باشی نەبێت ئاستەمە نازناوەکە ببات، لە جامی جیھانی پێویستت بەوەیە گۆلپارێزی خاوەنی کەسایەتیەکی بەھێزبێت و ھەم لەرووی دەرونیەوەو ھەم لە رووی ئاستەوە، چاوەڕێ مەبە ھەڵبژاردەیە کێشەی گۆڵپارێزی ھەبێت و ببێتە پاڵەوان، لەو یاریە گەورانەدا گۆڵپارێز ھەڵەی کوشندە بکات دواتر چارەسەرکردنی ئاسان نیە.

تیپێکی بەھێز:

سەیری ھەریەکە لە ئەڵمانیا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا بکە، ھیچ کامێکیان تیپی یەک ئەستێرە نەبوون، ھێزی ھەڵبژاردەکە بەسەر ھەموو تیپدا دابەش بووبوو، لە بەرگری و ناوەند و پێشەوە یاریزانی بەتوانایان ھەبوو، تەنانەت لە کورسی یەدەگیش یاریزانی پێویستیان ھەبوو بۆ جێگرەوەی یاریزانە سەرەکیەکان، ئەستێرەیەک نەبوو لە تیپەکانیاندا کە تیپەکە بەبێ ئەو نەتوانێت یاری خۆی بکات.

دووانەی ناوەراست:

زۆر بەوردی بەراوردی شوێن بە شوێنی یاریزانان بکە لە ھەرسێ ھەڵبژاردەکەدا ئەوەت بۆ دەرکەوێت کە ھەرسێکیان لە بەھێزی ھێڵی ناوەراستتدا ھاوبەشبوون، زۆر بەتایبەتیتر ھەرسێ تیپ خاوەنی دوو ناوەراستی زۆر باشبوون، ئەڵمانیا لە 2014 کروس و شڤاینشتایگه‌ر ھەبوو، ئیسپانیای 2010 بۆسکێتس و چابی ئەلۆنسۆی ھەبوو، ئیتاڵیای 2006 خاوەنی پیرۆلۆ و گاتوسۆ بوو، لەھەرسێکیاندا ئەم یاریزانانە بڕبرەی تیپەکەبوون، ئەمەش وایکردبوو کە بتوانن کۆنتڕۆلی ناوەراست بکەن، لە تۆپی پێشدا کە کۆنتڕۆڵی ناوەراستت کرد واتە کۆنتڕۆلی یاریگات کردووە.

لە کۆتاییدا بەپێی بەراوردی پاڵەوانی سێ جامی جیھانی پێشوو لە رووسیا ھەڵبژاردەیەک زیاتر پاڵێوراوە کە خاوەنی گۆڵپارێزێكی بەھێز و ناوەراستی زۆر باشبێت، دەبێت بەمانای وشە تیپ بێت، ھێزی ھەڵبژاردەکە بەسەر ھەموو یاریزانەکاندا دابەشبوبێت، دەبێت بە یارینەکردی یەک دوو یاریزان تیپەکە نەکەوێت، خۆتان بەو تایبەتمەندیانەی سەرەوە بزانن کێ بەھێزترین پاڵێوراوە.

چێنه‌ر عه‌بدولقادر رۆژنامه‌نووس و شرۆڤه‌كاری وه‌رزشی
چێنه‌ر عه‌بدولقادر رۆژنامه‌نووس و شرۆڤه‌كاری وه‌رزشی