مێسی: زۆر حەزم دەکرد نێیمار بگەڕێتەوە بارسێلۆنا و رای خۆشم بە بەرپرسانی بارسێلۆنا گوتبوو

مێسی: نێیماریش زۆر تامەزرۆی گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا بوو

مێسی لە دیمانەکەی لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرت رەتیدەکاتەوە داوای گەڕانەوەی نێیماری کردبێت بەڵام دان بەوەدا دەنێت زۆر حەزی دەکرد نێیمار بگەڕێتەوە یانەکەیان و جارێکی دیکە بەیەکەوە یاریی بکەنەوە.

مێسی لەبارەی نێیمارەوە گوتی 'حەزم دەکرد نێیمار بگەڕێتەوە بارسێلۆنا بەڵام لەبەر نەگەڕانەوەی هەست بە دڵتەنگی ناکەم، ئێمە کۆمەڵێک یاریزانی باشمان هەیە و دەتوانین بەیەکەوە بەبێ نێیمار هەموو شتێک بەدەست بهێنین، بەڵام دەمویست جارێکی دیکە لەگەڵ نێیمار لە بارسێلۆنا یاریی بکەمەوە، من زۆر حەزم دەکرد نێیمار بگەڕێتەوە یانەکەمان، دەزانم هەندێک کەس دژی ئەمە بوون، پێموایە ئەمە ئاساییە چونکە ئەمە پەیوەندی بە چۆنییەتی رۆیشتنی نێیمار هەبوو لە بارسێلۆنا و لەوە تێدەگەم.
نازانم بارسێلۆنا هەموو هەوڵێکی لەپێناوی گەڕانەوەی نێیمار داوە یان نا، من زۆر زانیاریم لەبارەی گفتوگۆکان نییە و ئاگاداریی وردەکارییەکان نیم، دوای شکستهێنانی پرۆسەی گەڕانەوەکەشی قسەم لەگەڵ نێیمار نەکردووە، چونکە ئەم ماوەیە زۆرتر بە پێکانەکەم سەرقاڵ بووم، بەڵام دەزانم نێیمار زۆر تامەزرۆی گەڕانەوەی بوو بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا.
تێدەگەم گفتوگۆکردن لەگەڵ پاریس سانجێرمان چەندە قورسە، چونکە پاریس سانجێرمان ئامادە نەبوو بە ئاسانی دەستبەرداری یەکێک لە باشترین یانەکانی جیهان بێت، من زانیاری تەواوم نییە بەڵام هەموو شتێکیش روون نییە.
من یان هیچ یاریزانێکی دیکە داوای گەڕانەوەی نێیمارمان نەکردووە، بەڵکو تەنیا رای خۆم داوە، لە ژووری جلگۆڕین یاریزانەکان تەنیا رای خۆمان داوە نە داوای هیچ یارزانێکمان کردووە و نە هیچیشیمان رەتکردووەتەوە، بەهەمان شێوە لەبارەی گرێبەستی گریزمان و یاریزانەکانی دیکەش رای خۆمان داوە'.