ئەمشەو عێراق بە خەیاڵی 34 ساڵ لەمەوبەر رووبەڕووی ئارجێنتینا دەبێتەوە

چوار یاریزانی کورد لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکە بانگهێشتکراون

هەڵبژاردەی عێراق دوای 34 ساڵ جارێکی دیکە لە یارییەکی دۆستانە رووبەڕووی ئارجێنتینا دەبێتەوە و لە خولی نێودەوڵەتی چوارقۆڵی بەیەک دەگەن.
عێراق بە سەرکردایەتی ستریشکۆ کاتانیچی راهێنەری سلۆڤینی ئەمشەو لە یاریگەی ئەمیر فەیسەڵ بن فەهد رووبەڕووی ئارجێنتینا دەبێتەوە و چوار یاریزان لە لیستی یاریزانانی شێرەکانی رافیدەین دان و لەلایەن کاتانیچەوە بانگهێشتی ئەم خولە کراون.
رێبین سولاقا، بڕوا نووری، ئوسامە رەشید و ئەحمەد یاسین ئەو چوار یاریزانە کوردزمانەن ئەمشەو لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق رووبەڕووی سەماکارانی تانگۆ دەبنەوە.
عێراقییەکان بە خەیاڵی ساڵی 1984 رووبەڕووی ئارجێنتینا دەبنەوە، کاتێک ٣٤ ساڵ لەمەوبەر لە پاڵەوانێتییەکی دۆستانەدا لە سەنگاپوورە عێراق بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەسەر ئارجێنتینا بەدەستهێنا.
عێراق خۆی بۆ جامی ئاسیای 2019 ئامادە دەکات کە سەرەتای ساڵی داهاتوو لە ئیمارات بەڕێوە دەچێت و رۆژی دووشەممەی داهاتووش عێراق لە دووەم یاریی خولەکە بەرامبەر سعوودیە یاریی دەکات، کە پێش سەرەتای مانگی رابردوو هەڵبژاردەکە لە هەولێرەوە لەگەڵ کاتانیچ دەستی بە خۆئامادەکردن کرد و بە لە کوێتیش بە دوو گۆڵ لەگەڵ کوێت یەکسان بوون.

ئارجێنتینا بەبێ لیۆنێل مێسی بەرامبەر عێراق یاریی دەکات، بەڵام ماورۆ ئیکاردی و پاولۆ دیبالا سەرکردایەتی سەماکارانی تانگۆ دەکەن و دەیانەوێت بە سەرکەوتن شکستەکەی مۆندیالی رووسیا لەبیری هاندەرانیان ببەنەوە.
ئارجێنتینا کە لە مۆندیالی 2018 لە قۆناخی 16وە ماڵئاوایی کرد، بە راهێنەرانەیتی لیۆنێل سکالۆنی لە سعوودیەیە، بۆ سێیەم یاریی لەسەر یەک سەماکارانی تانگۆ بەبێ مێسی یاریی دەکەن.
لە دوای مۆندیالی رووسیا، ئارجێنتینا بەبێ مێسی لە دوو یاریی دۆستانە رووبەڕووی گواتیمالا و کۆلۆمبیا بووەوە، لە یاریی یەکەم بە سێ گۆڵی خاوێن لە گواتیماڵای بردەوە و بەبێ گۆڵیش لەگەڵ کۆلۆمبیا یەکسانبوو.