ساری هۆکاری هێنانە دەرەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یارییەکەی لۆکۆمۆتیڤ مۆسکۆ ئاشکرا دەکات

هۆکاری تووڕەبوونەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات

دوای یارییەکەیان بەرامبەر لۆکۆمۆتیڤ مۆسکۆ، ماوریزیۆ ساری هۆکاری هێنانە دەرەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئاشکراکرد و رایگەیاند کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یارییەکە هەستی بە ئازار کردووە و تووشی پێکانێکی سووک بووە بۆیە بڕیاری داوە بیهێنێتە دەرەوە.

ماوریزیۆ ساری، راهێنەری یۆڤێنتۆس دوای یارییەکەیان بەرامبەر لۆکۆمتیڤ مۆسکۆ کە بەفەرمی سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی 16 مسۆگەرکرد، لەبارەی هۆکاری هێنانە دەرەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولەکی 81 گوتی 'کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی هاتنە دەرەوەی لە یارییەکە تووڕەبوو چونکە لە ئەژنۆی پێکانێکی سووکی هەبوو، ئازارێکی کەمیشی لە رانی هەبوو، کریستیانۆم لە یارییەکە هێنایە دەرەوە چونکە ترسام ئازاری پێبگات، لەم چەند رۆژەی دواییدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ماسوڵکەکانی هەستی بە ئازار دەکرد، لە کۆتایی نیوەی یەکەمیش هەستی بە دوودڵی دەکرد، دواتر لە یەک دوو راکردنی هەستم کرد راکردنی ئاسایی نییە، بۆیە پێش ئەوەی دۆخەکە خراپتر بێت بڕیارمدا لە یاریگا بیهێنمە دەرەوە'.

یەکەمجار بوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەلایەن ماوریزیۆ ساری لە یارییەک بهێنرێتە دەرەوە، سێیەمجاریش بوو دۆن لەگەڵ یۆڤی لە نیوەی دووەم یاریگا بەجێبهێڵێت.