لیڤه‌رپوول بووه‌ پاڵه‌وانی جامی سووپه‌ری ئه‌ورووپا

لیڤه‌رپوول بۆ چواره‌مجار له‌ مێژوویدا نازناوه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا

یانه‌ی لیڤه‌رپوول به‌ لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ چێڵسی برده‌وه‌ و بۆ چواره‌مجار له‌ مێژوویدا بووه‌ پاڵه‌وانی جامی سووپه‌ری ئه‌ورووپا.

له‌سه‌ر یاریگه‌ی ڤۆدافۆن له‌ ئیستنه‌بوول یاری جامی سووپه‌ری ئه‌ورووپا له‌ نێوان لیڤه‌رپوول و چێڵسی به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ خوله‌كی 36ـی گێمی یه‌كه‌م چێڵسی به‌ گۆڵێكی ئۆلیڤه‌ر جیرۆ پێشكه‌وت، دواتر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی گێمی دووه‌م لیڤه‌رپوول له‌ رێگه‌ی سادیۆ مانێ له‌ خوله‌كی 48 ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه‌، یارییه‌كه‌ به‌ درێژایی ماوه‌ی ئاسایی هه‌ردوو گێمه‌كه‌ به‌ یه‌كسانبوون به‌ گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات.

له‌ ماوه‌ی دوو گێمه‌ زیادكراوه‌كه‌ رووداوه‌كان گه‌رمتر بوون، كاتێك له‌ خوله‌كی 94 سادیۆ مانێ گۆڵی دووه‌م و پێشكه‌وتنی لێڤه‌رپوولی كرد.

پاشان جۆرجینهۆی ئیتاڵی به‌ لێدانی پێناڵتی له‌ خوله‌كی 101ـی یارییه‌كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه‌.

له‌ كاتی لێدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان، لیڤه‌رپوول یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌ و بۆ چواره‌مجار له‌ مێژووی خۆیدا بووه‌ پاڵه‌وانی جامی سووپه‌ری ئه‌ورووپا، بووه‌ یه‌كه‌مین یانه‌ی ئینگلیزیش له‌ دوای 2005ـه‌وه‌ نازناوه‌كه‌ی ده‌باته‌وه‌.