یەکەم یانە بەفەرمی سەرکەوتنی بۆ وەرزی داهاتووی خولی یانە پلە یەکەکانی ئیسپانیا مسۆگەرکرد

وەرزی داهاتوو بۆیەکەمجار ویسکا بەشداریی لالیگا دەکات

یانەی ویسکای ئیسپانی بۆیەکەمجار سەرکەوتنی بۆ ریزی یانە پلە یەکەکانی ئیسپانیا مسۆگەرکرد.
دوای ئەوەی لە گەڕی چلەمینی خولی یانە پلە دووەکانی ئیسپانیا، ویسکا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە لە لۆگۆی میوانداریی بردەوە، بۆیەکەمجار لە مێژوویدا یانەی ویسکا سەرکەوتنی بۆ ریزی یانە پلە یەکەکانی ئیسپانیا مسۆگەرکرد و بووە یەکەم یانە لەم وەرزە سەرکەوتنی بۆ وەرزی داهاتووی لالیگا مسۆگەر بکات.
ویسکا کە وەرزی رابردووش نزیکبوو لەوەی بۆ ریزی یانە پلە یەکەکانی ئیسپانیا سەربکەوێت، ئەم وەرزە لە 40 یاری 75 خاڵی کۆکردووەتەوە و پێشەنگی خولی یانە پلە دووەکانی گرتووە و لە دوای ئەویش رایۆ ڤایکانۆش نزیکە لەوەی بگەڕێتەوە لالیگا.
یانەی ویسکا لە ساڵی 1910 لەسەر دەستی چەند هاندەرێکی بارسێلۆنا دامەزراوە، هەربۆیە تاکو ئێستاش یانەکە هەمان رەنگی درێسی بارسێلۆنا بۆ درێسەکەی بەکار دەهێنێت و رۆبی راهێنەرایەتی یانەکە دەکات، کە پێشتر یاریدەدەری تیتۆ ڤیلانۆڤای راهێنەری کۆچکردووی بارسێلۆنا بوو.