فابیۆ كاناڤارۆ یه‌كه‌مین ناسناوی وه‌كو راهێنه‌ر به‌ده‌ستهێنا

ئه‌م یانه‌یه‌ بۆ جاری هه‌شته‌م بووه‌ پاڵه‌وان

یانەی گوانگژۆ ئێڤەرگراندی چینی بە راهێنەرایەتی فابیۆ کاناڤارۆی ئیتاڵی ناسناوی خولی سوپەری چینیان بەدەست هێنا.

لە دوایین گەڕی خولی سوپەری چینی گوانگژۆ ئێڤەرگراند میوانداریی شەنگهای شینوایان کرد و توانیان یارییەکە بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام ببەنەوە و ناسناوی ئەم وەرزەش مسۆگەر بکەن.

لە خولەکی45  شیهاو وی گۆڵی یەکەمی یارییەکەی بۆ خاوەن ماڵ کرد، پاشان لە تایمی دووەم و لە خولەکی 55  جی سو دووەمین گۆڵی کردە بەشی گوانگژۆ و لە کۆتاییشدا ئالیکسۆن دی ئۆلیڤێرا توانی بۆ جاری سێیەم تۆری یانەی میوان بهەژێنێت.

بەم شێوەیە گوانگژۆ ئێڤەرگراند کۆی خالەکانی گەیاندە72  خاڵ و بە شێوەیەکی فەرمی بۆ جاری هەشتەم بونە پاڵەوانی خولی سوپەری چینی و فابیۆ کاناڤارۆی ئیتاڵیش یەکەم ناسناوی وەکو راهێنەر بەدەست هێنا.