باوكی ئانسۆ رێگری له‌ كوڕه‌كه‌ی ده‌كات یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا بكات

باوكی ئانسو فاتی ده‌یه‌وێت كوڕه‌كه‌ی یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال بكات

ئانسۆ فاتی یاریزانی لاوی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا دوای وەرگرتنی رەگەزنامەی ئیسپانیا چاوەڕێ دەکرا لە داهاتوودا درێسی لارۆخا لەبەر بکات، بەڵام باوکی ئەو یاریزانە قسەیەکی دیکە دەکات و خەونی ئەوەیە کە کوڕەکەی بە درێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ ببینێت.

دوای ئەو ئاستە نایابەی لەم وەرزەی لالیگا پێشکەشی دەکات، ئانسۆ فاتی کە لە دایکبووی گینیا بیساویە توانی رەگەزنامەی ئیسپانی وەربگرێت و لەمەودوا ئامادەیە یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بکات، بەڵام باوکی یاریزانە لاوەکەی بارسێلۆنا نهێنیەکی دیکەی ئاشکرا کردووە.

گینیا بیساو وڵاتێکە پێشووتر لەلایەن پۆرتوگاڵیەکانەوە داگیر کراوە، بۆیە یاسا رێگە بەو یاریزانە 16 ساڵانە دەدات کە یاری بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ بکات، بەڵام فاتی کە لە تەمەنی شەش ساڵیەوە لە ئیسپانیا دەژیت پێشوتریش رایگەیاندووە ئارەزووی لەبەر کردنی درێسی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتەی هەیە.

باوکی یاریزانە لاوەکەی بارسێلۆنا قسەیەکی دیکە دەکات و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی وەرزشی ئابۆلای پورتوگاڵی گوتوویەتی ئارەزوو دەکات کوڕەکەی بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ یاری بکات، بۆیە تاوەکو ئێستا فاتی سەرەرای وەرگرتنی رەگەزنامەی ئیسپانیا، بەڵام دیار نیە یاری بۆ کام لە دوو هەڵبژاردەکە دەکات.

ئانسۆ فاتی یاریزانی یانەی بارسێلۆنا کە پێگەیشتووی ئەکادیمیای لاماسیایه‌، دەتوانێت خەونەکانی باوکی بکاتە راستی و یاری بۆ هەڵبژاردەی پورتوگال بکات، سەرەرای ئەوەی رەنگە لەلایەن ئیسپانیاکانەوە بۆ مۆندیالی خوار 17 ساڵان بانگهێشت بکرێت، لە داهاتوودا دەتوانێت یاری بۆ هەڵبژادەی پێگەیشتووانی پۆرتوگاڵ بکات، بە مەرجێک هیچ یارییەک بە درێسی هەڵبژاردەی لارۆخا نەکات. سەرەرای هەموو ئەم ئەگەرانە، ئانسۆ بە بانگهێشت کردنی بۆ مۆندیالی خوار حەڤدە ساڵان، ئەوان ناتوانێت بەشداری یەکەم کلاسیکۆ بەرامبەر ریال مەدرید بکات، چونکە ئەم یارییە لە کاتی مۆندیالەکە بەرێوەدەچێت.