زێدان به‌ر له‌ كلاسیكۆ تووشی كێشه‌ ده‌بێت

پێكهاته‌ی ریال مه‌درید پێش كلاسیكۆ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌كه‌وێته‌سه‌ر

لوکا مۆدریچ و لوکاس ڤاسکوێز هەردوو یاریزانی یانەی ریال مەدرید بەشداری یاری داهاتووی یانەکەیان ناکەن.

رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانیا بڵاویکردۆتەوە دوای ئەوەی لوکا مۆدریچ لە یاری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرامبەر وێلز لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2020 تووشی پێکان بوو، گەڕایەوە مەدرید و پشکنینە پزیشکیەکان دەریان خستووە ئەو یاریزانە پێویستی بە پشوو هەیە و بەم هۆیەوە بەشداری یاری داهاتووی یانەکەی بەرامبەر ریال مایۆرکا ناکات. سەرچاوەکە ئەوەشی بڵاوکردەوە ناوەڕاستکارە کڕواتیەکەی مێرنگی لەوانەیە بۆ یارییەکەی بەرامبەر گه‌ڵاته‌سه‌ره‌ای لە چامپیۆنزلیگ ئامادە بێت.

لەلایەکی دیکەوە لوکاس ڤاسكێزی ناوەڕاستکاریش پێکانی هەیە و ئەستەمە بۆ یارییەکەی بەرامبەر مایۆرکا لە لالیگا ئامادە بێت و زیدان بەو هیوایەیە ئەم یاریزانە بۆ یارییەکە بەرامبەر گه‌ڵاته‌سه‌رای ئامادە بێت.

پێكانی ئه‌و دوو یاریزانه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ تۆنی كرووسیش به‌هۆی پێكانه‌وه‌ له‌ ریال مه‌درید دابڕاوه‌، هه‌ڵبه‌ت دۆخی ته‌ندروستی گاریس به‌یلیش هێشتا ناڕوونه‌.

ریال مه‌درید رۆژی 26ـی ئه‌م مانگه‌ له‌ كلاسیكۆ ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی بارسێلۆنا، ریال مه‌درید له‌ ئێستا به‌ 18 خاڵ پێشه‌نگی لالیگای گرتووه‌ و بارسێلۆناش له‌ خانه‌ی دووه‌م 16 خاڵی هه‌یه‌.