مێسی لەبارەی ریمۆنتادایەکانی رۆما و لیڤەرپوول: پێویستە وانەمان وەرگرتبێت و نابێت ئەوەندە بیری لێبکەینەوە

مێسی: لە کلاسیکۆ چاوەڕێی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەختی ریال مەدرید دەکەین

مێسی پێیوایە دەبێت وانە لەو هەڵانە فێربن کە لە دوو وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ بە ریمۆنتادا لە دژی رۆما و لیڤەرپوول کرانە دەرەوە و لەبارەی یاریی کلاسیکۆش دەڵێت ریال مەدرید ئەنجامەکانی ئەم دواییەی باشن و ئەم یارییە تایبەت دەبێت.

لیۆنێل مێسی، هێرشبەری بارسێلۆنای ئیسپانی لەمیانی بەشداریکردنی لە ئاهەنگێکی تایبەت کۆمپانیای ئادیداس لەبارەی ئەنجامەکانی دوو ساڵی رابردوویان لە چامپیۆنزلیگ گوتی 'ئێمە پێویستە وانە لەو هەڵانە فێربین کە لە وەرزەکانی رابردوو ئەنجاممان داون، پێویستە هەوڵ بدەین ئەو هەڵانە دووبارە نەبنەوە کە لە دوو وەرزی رابردوو کردمان، پێویستە لە خاڵی سفر دەستپێبکەینەوە، بەڵام نابێت هەمیشە بیر لە رابردوو بکەینەوە بەڵکو دەبێت بیرمان لە داهاتوو و ئێستا بێت، ئەگینا دووچاری هەمان هەڵەی جاران دەبینەوە.
ئێستا لالیگا لە جاران زیاتر پڕ رکابەریی و سەختتر بووە، رکابەرییەکە تەنیا لە نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا نییە، ساڵانێکە ئێمە هەستمان بەوە کردووە، یانەکانی دیکەی ئیسپانیا بەهێزتر بووینە، بەتایبەتی کاتێک لە دەرەوە یاریی دەکەین یانەکان لە یاریگای خۆیان زۆر بەهێز یاریی دەکەن'.

هەروەها لیۆ لەبارەی یاریی کلاسیکۆش گوتی 'لەبارەی یاریی کلاسیکۆ، ئێمە چاوەڕێی رکابەرێکی کەللەرەق و سەخت دەکەین، ریال مەدرید بەمدواییانە هێزی خۆی بە تەواوەتی پیشان داوە، ریال مەدرید بەمدواییانە ئەنجامی زۆر باشی بەدەستهێناوە، هەرچەندە لە یاریی کلاسیکۆ رەچاوی دۆخی یانەکان ناکرێت و هەمیشە ئەم یارییە تایبەت دەبێت، پێشموایە ریال و بارسا هەردووکیان ئێستا بە کاتێکی باشدا تێدەپەڕن'.