به‌ ڤیدیۆ.. ماڕادۆنا له‌ نێو ئاپۆڕای هانده‌ران به‌ میدیاكان ناسێندرا

ماڕادۆنا: ده‌بێت تیپێكی وا دروست بكه‌م هه‌موو كه‌سێك خۆزگه‌ به‌و یانه‌یه‌ بخوازێت

دیێگۆ ماڕادۆنا وەکو راهێنەری نوێی یانەی خیمناسیا لاپلاتای ئارجێنتینی دەستبەکاربوو، ئەو راهێنەرە ئارجێنتینییە بە ئامادەبوونی 30 هەزار هاندەر سەرپەرشتی یەکەم راهێنانی یانەکەی کرد و بەڵێنی بە هاندەران دا تیپێکی نموونەیی دروست بکات، لەکاتێکدا یانەکەی تەنیا خاڵێکی هەیە و لە کۆتایی ریزبەندیی خولەکە دەبینرێت.

هیچ یانەیەکی گەورە نەبوو خەون بە یاریکردنی ماڕادۆنای یاریزان نەبینێت، کەچی ئێستا ماڕادۆنای راهێنەر لە نێوان یانە لاوازەکان دەسووڕێتەوە، لە نوێترین ئەرکیدا وەکو راهێنەری یانەی خیمناسیا لاپلاتای ئارجێنیتینی دەستبەکاربوو.

یانە ئارجینتینییەکە دیێگۆ ئارماندۆ ماڕادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێی ئارجینتینی بە میدیاکان ناساند، ماڕادۆنا تاکو کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستی لەگەڵ یانەکە واژووکرد و ئەرکی سەرەکی دیێگۆ هێشتنەوەی خیمناسیا لاپلاتایە لە ریزی یانە پلە یەکەکانی ئارجێنتینا، لەکاتێکدا یانەکە لە پێنج گەڕی سەرەتای خولی ئارجێنتینی نەیتوانیوە هیچ بردنەوەی بەدەست بهێنێت.

ئەم قەرەباڵخییەی بۆ ناساندنی ماڕادۆنا كرا بۆ هیچ ئه‌ستێره‌یه‌كی ئێستای جیهان نه‌كراوه‌، به‌وپێیه‌ی 30 هەزار هاندەری خیمناسیا لاپلاتا لە یاریگای کارمێلۆ زۆرییۆ کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی پێشوازیی لە راهێنەرە نوێیەکەیان بکەن.

هاندەرانی خیمناسیا لاپلاتا رۆژێکی تایبەتیان بردە سەر چونکە ماڕادۆنای ئەفسانەی بەناوبانگی تۆپی پێی وڵاتەکەیان سەرپەرشتی یەکەم راهێنانی یانەکەیانی کرد، لەمەودوا ماڕادۆنا لەسەر کورسی بەڕێوەبەری هونەری یانەکەیان دادەنیشێت.

دیێگۆ ئه‌رماندۆ ماڕادۆنا راهێنه‌ری خیمناسیا له‌ پرێس كۆنفرانسێك به‌ڵێنی به‌ هانده‌رانی ئه‌و یانه‌یه‌دا كه‌ یانه‌كه‌ بكاته‌ تیپێكی نموونه‌یی، گوتیشی: ده‌بێت ئه‌م تیپه‌كه‌ بكه‌م تیپێكی وا هه‌موو كه‌سێك خۆزگه‌ی پێ بخوازێت.

ماڕادۆنای ٥٨ ساڵان لەوەتەی ساڵی ١٩٩٧وە دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کردووە، بەڵام پێچەوانەی سەردەمی یاریزانبوونی هیچ دەستکەوتێکی نەبووە، لەوەتەی ساڵی ٢٠١٠وە یەکەمجارە دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی و لە ئارجێنتینا دەست بە کارکردن دەکاتەوە، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ماڕادۆنا لەگەڵ لاپلاتا یەکەم یاریی ئەنجام دەدات و رووبەڕووی راسینگ کلەب دەبێتەوە، کە یانەکەی لە کۆی پێنج یاریی تەنیا بەرامبەربوونێکی بەدەستهێناوە و لە کۆتایی ریزبەندی خولی ئارجێنتینی تەنیا خالێکی هەیە.

جگە لە راهێنەریاتیکردنی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا تاکو ئێستا ماڕادۆنا راهێنەرایەتی هیچ یانەیەکی گەورەی نەکردووە، تەنیا لە خولەکانی ئارجێنتینی و ئیماراتی و مەکسیکی کاری کردووە.