کاراکردنەوەی دامەزراوە وەرزشییەکانی هەرێم

حکومەت پێویسته‌ له‌ بواری وه‌رزش كار له‌سه‌ر ئه‌م 3 بابه‌ته‌ بكات

لە کۆتا کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و بە پێی وتەکانی بەڕێز دکتور دارا ڕەشیدی وەزیری پلان دانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرنامەی پاسی یادگار، باس لە سێ بابەتی گرنگ کرا کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت لەم کابێنەیە جێبەجی بکات کە ئەوانیش یەکەم؛ پەسەندکردنی چەندین یاسایە کە لەگەل ھەلومەرجی ئێستای حوکمڕانی بگونجێت، بۆ ئەم مەبەستەش نابێت چیتر وەرزش لەم نێوەندەدا بێبەش بکرێت وە دەبێت چەندین یاسا بۆ وەرزشی ھەرێمی کوردستان دەربچێت کە بتوانێت مافەکان بۆ ئەم ماڵە گرنگەی حوکمرانی بگەڕێنێتەوە.

خاڵی دووەم: بچووککردنەوەی ھەیکەلی ڕێکخراوەیی ئەو وەزارت و دەستانە بوو کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2010 بە بیانووی بچووککردنەوەی حکوومەت و ڕێگریکردن لە بەھەدەردانی سامانی نیشتیمانیی و کاراکردنی وەزارتەکان و بە پێی یاسای ژمارە 14 ساڵی 2010 وەزارتی وەرزش و لاوانی وەک بەرێوەبەرایەتیک خستە ژێر چەتری وەزارتی روشنبیری.

لە واقیعی ژیانی حوکمرانی ئەم دوو بابەتە زۆر لەیەک جێاوازن و ماڵ و ھەوادارانی وەرزش ھێندە گرنگ و زۆرن کە دەکرێت ئەم یاسایە ھەڵبوەشێنرێتەوە، وە وەرزش وەک ماڵ یان دەستە و یان وەزارتێکی سەربەخۆ لەم کابینەیە بناسرێت و ممارسەی ژیانی حوکمرانی خۆی لە پەرەپێدانی نیشتیمانی بەردەوامی کوردستان بکات. ئەوەی کە زۆرێک لە ھەواداران و ڕەخنەگرانی وەرزشی لەم 28 ساڵەی حوکمرانی وەرزشی کوردی نیگەران کردووە.

خاڵی سێیەم کە ئەویش پێناسەکردنی کارەکان و ناساندنی ئەرک و مافه‌ ھەر کارێکە لە حوکمرانی کوردی، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت ئەرکی سەرجەم دامەزراوەکانی وەرزش چ لێژنەی ئۆلۆمپی و بەرێوەبەرایەتی وەرزش و سەرجەم دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە وەرزش لە ھەرێمی کوردستان دیاری بکرێت. تانەت ماوەی مانەوە لە ھەر پوستیکی وەرزشی لە ئەندامی یانەیەک تا بەرپرسی یەکەمی وەرزشی کوردستان دیاری بکرێت.

بۆیە دەستبەرکردنی ئەم بابەتە پێویستی بە ھاودەنگی و کۆدەنگی سەرجەم کەس و لایەن و شەقام و بەرپرسانی وەرزشییە لە ھەرێمی کوردستان. بە جۆرێک کە میدیا و میدیاکارانی وەرزشی بە بەرنامەکانێان فشارێک دروست بکەن کە حکومەت بۆ وەرزشیش ئەم سێ بابەتە گرنگە جێبەجی بکات.

ئاکۆ ئیبراھیم فەقێ، کاندیدی دکتورا لە بەڕێوەبردنی وەرزش
ئاکۆ ئیبراھیم فەقێ، کاندیدی دکتورا لە بەڕێوەبردنی وەرزش