عەبدولخاڵق مەسعوود: یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال ئەگەر لە عێراق بکرێت لە بەسرە دەبێت

عەبدولخاڵق مەسعوود: ئەمشەو چارەنووسی کاتانیچ لە هەڵبژاردەی عێراق یەکلا دەکەینەوە

عەبدولخاڵق مەسعوود بە کوردستان24ی راگەیاند ئەگەر یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال لە عێراق بکرێت یارییەکان لە بەسرە ئەنجام دەدرێن و رەتیشیکردەوە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەربژێر بکاتەوە.

عەبدولخاڵق مەسعوود، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە ئەمڕۆی وەرزشی کوردستان24 لەبارەی ئەگەری بەڕێوەچوونی یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال لە عێراق گوتی 'فیفا دەیەوێت یارییەکانی عێراق لە پاڵاوتنی مۆندیال لە دەرەوەی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام ئێمە نارەزاییمان دەربڕیوە و داوامان کردووە یارییەکان لە عێراق بکرێن، ئەگەر فیفا رازی بێت بڕیارمان داوە یارییەکانی عێراق لە پاڵاوتنی مۆندیال لە بەسرە بکرێن، چونکە یاریگای فڕەنسۆ هەریری لە هەولێر تەنیا شوێنی 20 هەزار هاندەر دەگرێت و یاریگای کەربەلاش شوێنی 30 هەزار هاندەر دەگرێت و ئەمەش بەشی هاندەرانی عێراق ناکات، بۆیە بڕیارمان داوە یارییەکان لە بەسرە بکرێن، چونکە یاریگای بەسرە شوێنی 65 هەزار هاندەر دەگرێت'.

سەرۆکە کوردەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کە دوو جار لە هەڵبژاردنەکان بە سەرۆکی فیدراسیۆنەکە هەڵبژێردرایەوە بە کوردستان24ی راگەیاند 'سێ ساڵم لە سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ماوە، بەهۆی زۆری کێشەکان و ماندووبوونم بڕیارم داوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو خۆم بەربژێر نەکەمەوە و شوێنەکەم بۆ کەسێکی دیکە بەجێبهێڵم'.

سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەبارەی چارەنووسی سریکا کاتانیچی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گوتی 'ئەمشەو کاتژمێر 08:30 لە بەغدا لەبارەی چارەنووسی کاتانیچ لەگەڵ ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کۆدەبینەوە، زۆربەمان لەگەڵ مانەوەی کاتانیچداین.