تیروپشکی کۆپا ئەمریکای 2020 راکێشرا

بۆیەکەمجار 12 هەڵبژاردە دابەشی سەر دوو کۆمەڵە دەکرێن

تیروپشکی کۆپا ئەمریکای 2020 راکێشرا و لە یاریی کردنەوە ئارجێنتینا و چیلی بەیەک دەگەن.
لە شاری کارتاخینا لە کۆڵۆمبیا تیروپشکی کۆپا ئەمریکای 2020 راکێشرا کە وابڕیارە هاوینی داهاتوو لە کۆڵۆمبیا و ئارجێنتینا بکرێت و بۆیەکەمجار لە کۆپا ئەمریکای داهاتوو هەر 12 هەڵبژاردە بەشداربووەکەی پاڵەوانێتییەکە دابەشی دوو کۆمەڵە دەکرێن لەجیاتی ئەوەی دابەشی سێ کۆمەڵە بکرێن.
بەگوێرەی ئەنجامی تیروپشکەکە، لە کۆمەڵەی یەکەم هەریەکە لە ئارجێنتینا و ئوستڕاڵیا و بۆلیڤیا و ئۆرۆگوای و چیلی و پاراگوای یاریی دەکەن، لە کۆمەڵەی دووەمیش کۆڵۆمبیا و بڕازیل و قەتەر و ڤێنزوێلا و ئیکوادۆر و پیرۆ بەیەک دەگەن و لە هەر کۆمەڵەیەک چوار هەڵبژاردە دەگەنە قۆناخی چارەکی کۆتایی، بەمەش ژمارەی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە 26 یارییەوە بۆ 38 یاریی زیاد دەبن.
قەتەر و ئوستڕاڵیا وەکو میوان بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکەن، کە لەمەودوا چوار ساڵ جارێک پاڵەوانێتییەکە دەکرێت.

ئەنجامی تیروپشکی کۆپا ئەمریکای 2020
ئەنجامی تیروپشکی کۆپا ئەمریکای 2020