زێدان یه‌كێك له باشترین كه‌سایه‌تییه‌كانی نێو ریال مه‌دریدی له‌ده‌ست ده‌دات
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی نزیك له یانه‌ی ریال مه‌درید، زینه‌دین زێدان بۆ وه‌رزی داهاتوو یه‌كێك له كاریگه‌رترین كه‌سه‌كانی نێو ستافه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات كه ئه‌ویش پینتۆسی راهێنه‌ری توانای جه‌سته‌یی ریال مه‌دریده كه میدیاكان به كه‌سێكی كاریگه‌ری له بردنه‌وه‌ی 3 نازناوی له‌سه‌ریه‌كی چامپیۆنزلیگ وه‌سفی ده‌كه‌ن.
پێگه‌ی ماركا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه نێوانی زینه‌دین زێدانی راهێنه‌ر و ئا‌نتۆنیۆ پینتۆسی راهێنه‌ری توانای جه‌سته‌یی یانه‌كه‌ی به‌ره‌و تێكچوون رۆیشتووه، بۆیه پێنتۆس بڕیاری داوه بۆ وه‌رزی داهاتوو بگه‌ڕێته‌وه خولی ئیتاڵیا و له‌گه‌ڵ ئا‌نتۆنیۆ كۆنتی له ئینته‌ر میلان كار بكات.
ئا‌نتۆنیۆ پینتۆسی ته‌مه‌ن 56 ساڵ، راهێنه‌رێكی به ره‌سه‌ن ئیتاڵییه و له دایكبووی شاری تۆرینۆیه، له 2016 له‌سه‌ر خواستی زینه‌دین زێدان په‌یوه‌ندی به ریال مه‌درید كرد، كاتێكیش زیزۆ ریال مه‌دریدی جێهێشت ئاماده نه‌بوو له‌گه‌ڵ سۆلاری و لۆپیتیخی كار بكات و هاوشیوه‌ی زیزۆ چوو له ماڵه‌وه دانیشت و پشووی وه‌رگرت، كاتێكیش زیزۆ گه‌ڕایه‌وه ریال مه‌درید راسته‌وخۆ پینتۆس له‌گه‌ڵ راهێنه‌ره فره‌نساییه‌كه ده‌ستی به كار كرده‌وه و ئێستاش نێوانیان كێشه‌ی تێكه‌وتووه.
پینتۆس بڕوانامه‌ی تایبه‌تمه‌ندی له باره‌ی توانای جه‌سته‌یی یاریزانان هه‌یه، پێشتر له سێریا ئه‌ی، پرێمه‌رلیگ و خولی فره‌نسا له‌گه‌ڵ یانه‌كانی، پاڵێرمۆ، یوڤێنتۆس، ئۆدێنزی، مارسیلیا، پرێمه‌رلیگ و چێڵسی كاری كردووه، له 3 وه‌رزی رابردووش له لالیگا له‌گه‌ڵ ستافی هونه‌ری زینه‌دین زێدان بووه.