تۆتێنهام لە ماوەی کەمتر لە 12 کاتژمێر پۆچێتینهۆی دوورخستەوە و مۆرینهۆی لە شوێنی دەستنیشانکرد

رۆژی شەممە مۆرینهۆ دوای 345 رۆژ وەکو راهێنەر دەگەڕێتەوە پرێمەرلیگ

کەمتر لە 12 کاتژمێر بەس بوو بۆ ئەوەی تۆتێنهام هۆتسپێرس ماوریسیۆ پۆچێتینهۆ لە راهێنەرایەتی یانەکەی دووربخاتەوە و خۆزێ مۆرینهۆ لە شوێنی دەستنیشان بکات.
دوای پێنج ساڵ لە دەستبەکاربوونی، تۆتێنهام هۆتسپێرس بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ماوریسیۆ پۆچێتینهۆی راهێنەری ئارجێنتینی یانەکەی لە پۆستەکەی لادا، لە کاتێکدا باشترین ئەنجامەکانی مێژووی یانەکە لەسەر دەستی ئەو راهێنەرە 47 ساڵانەوە تۆمارکران و یانەکەی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و جارێک پلەی دووەم و دوو جاریش پلەی سێیەمی پرێمەرلیگی بۆ تۆتێنهام بەدەستهێنا.

تەنیا دوای 11 کاتژمێر لە دوورخرانەوەی پۆچێتینهۆ، تۆتێنهام بەفەرمی خۆزێ مۆرینهۆی راهێنەری پێشووی مانچێستەر یونایتد و چێڵسی وەکو راهێنەری نوێی یانەکەی دەستنیشانکرد.
خۆزێ مۆرینهۆ تاکو کۆتایی وەرزی 2022/2023 بۆ ماوەی سێ وەرز دەبێتە راهێنەری تۆتێنهام لەکاتێکدا ئەو یانە ئینگلیزییە لە کۆی 12 یاریی تەنیا 14 خاڵی لەم وەرزەی پرێمەرلیگ کۆکردووەتەوە و لە پلەی چواردەمی ریزبەندی دەبینرێت، کە تەنیا سێ بردنەوەی لە خولەکە بەدەستهێناوە.
رۆژی شەممە دوای 345 رۆژ جارێکی دیکە مۆرینهۆ وەکو راهێنەر دەستبەکار دەبێتەوە و لە تۆتێنهام دەگەڕێتەوە سەر پیشە راستەقینەکەی خۆی و لەسەر کورسی راهێنەرایەتی تۆتێنهام دادەنیشێت و رووبەڕووی وێستهام یونایتد دەبێتەوە، دواتریش لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئۆڵمپیاکۆسی یۆنانی یاریی دەکەن کە تاکو ئێستا تۆتێنهام بلیتی گەیشتنی بە قۆناخی 16 مسۆگەر نەکردووە و بە 7 خاڵ لە پلەی دووەمی کۆمەڵەی دووەم دێت.
مۆرینهۆ کە 25 نازناوی لە کاروانی راهێنەرایەتی خۆی بەدەستهێناوە، بە ماڵپەڕی فەرمی یانە نوێیەکەی راگەیاندووە، دڵخۆشە وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە و ستایشی هاندەران و ئەکادیمیای تۆتێنهامی کردووە.
رۆژی 4ی مانگی داهاتوو مۆرینهۆ یارییەکی تایبەت ئەنجام دەدات، لەگەڵ تۆتێنهام دەبێتە میوانی مانچێستەر یونایتد و لە ئۆڵدترافۆرد رووبەڕووی ئەو یانەیە دەبێتەوە کە لە دیسێمبەری ساڵی رابردوو لە راهێنەرایەتی یانەکە دوورخرایەوە.