گریزمان: له منداڵییه‌وه مێسی نموونه‌ی ئاستبه‌رزی من بووه
به ئاماده‌بوونی بارتۆمیۆی سه‌رۆكی بارسێلۆنا، ئانتوان گریزمان پێشكه‌شی هانده‌ران و میدیاكان كرا، له یه‌كه‌مین لێدوانی گریزمان گوتی: هه‌ر له منداڵییه‌وه مێسی نموونه‌ی ئاستبه‌رزی من بووه.
ئانتوان گریزمان یاریزانی نوێی بارسێلۆنا له پرێس كۆنفرانسێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه وه‌رزی رابردوو به‌هۆی منداڵه‌كه‌مه‌وه كه خه‌ریكی خوێندن بوو نه‌متوانی بێمه بارسێلۆنا جیا له‌وه‌ش بارودۆخی خێزانیشم له‌بار نه‌بوو، وابزانم ئه‌وكات سه‌رده‌می من له‌گه‌ڵ ئاتڵێتیكۆ مه‌درید كۆتایی نه‌هاتبوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه هاتم بۆ ئێره و ئاماده‌م بۆ ركابه‌ریكردن و بردنه‌وه‌ی هه‌ر 3 نازناوه‌كه.
گریزمان ده‌شڵێت: رێزم بۆ ئاتڵێتیكۆ مه‌درید هه‌یه، ته‌واو ئاسووده‌م چونكه له‌و ماوه‌یه‌ی یاریم بۆ یانه مه‌درییه‌كه كرد 100%ـی توانای خۆم خسته خزمه‌تیان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێستا من لێره‌م، به‌ڵام خۆم به قه‌رزداری ئاتڵێتیكۆ ده‌زانم، چونكه له‌و ماوه‌یه‌ی له‌وێ بووم، خانه‌واده‌كه‌م زۆر هه‌ستیان به ئارامی ده‌كرد.
گریزمان له باره‌ی مێسی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه بۆ ئه‌وه شه‌رفێكی گه‌وره‌یه هاوشانی مێسی یاری بكات، ده‌شڵێت: مێسی له تۆپی پێ وه‌ك لیبرۆن جه‌میسی باسكه‌وایه و له منداڵییه‌وه نموونه‌ی یاریزانی من بووه.
گریزمان گوتیشی: ئه‌گه‌ر مێسی و سوارێز له من توڕه بووبن به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌رزی رابردوو نه‌هاتمه بارسێلۆنا، به‌ڵام ئێستا ئاماده‌م له نێو یاریگه ئاشتیان بكه‌مه‌وه.
گریزمان له باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ژماره‌ی درێسه‌كه‌ی هێما بۆ ئه‌وه كرد كه ئه‌و ژماره‌یه‌ی ده‌یویست له بارسێلۆنا خاوه‌نی هه‌یه ئه‌ویش كۆتینهۆیه، بۆیه له بری ژماره 7 داوای ژماره 17ـه‌م كرد.
گریزمان ده‌شڵێت: له‌گه‌ڵ یاریزانه فره‌نساییه‌كان لێكگه‌یشتنێكی باش له نێوانماندا هه‌یه، له‌گه‌ڵ ڤاڵڤێردیش قسه‌م كردووه ئاماده‌م له هه‌ر شوێنێك یاری بكه‌م كه راهێنه‌ر بیه‌وێت.
ئانتوان گریزمانی ته‌مه‌ن 28 ساڵ، له‌گه‌ڵ تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی ریال سوسیداد ده‌ستی به یاریكردن كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه سه‌رجه‌م ئاسته‌كانی تێپه‌ڕ كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه له كۆی 202 یاری 52 گۆڵ و 18 ئاسیستی بۆ سوسیداد كرد، دواتر له هاوینی 2014 به گرێبه‌ستێكی 30 ملیۆن یۆرۆ روویكرده ئاتڵێتیكۆ مه‌درید له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه 257 یاری كرد و 133 گۆڵ و 50 ئاسیستی تۆمار كرد.