مێسی: دەمەوێت لە بارسێلۆنا واز لە یاریکردن بهێنم

مێسی: بارسێلۆنا بە ماڵی خۆم دەزانم

مێسی لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی رایدەگەیەنێت حەز دەکات لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە چونکە یانەکە بە ماڵی خۆی دەزانێت و دەشڵێت حەز دەکات هەر لەو یانەیە واز لە یاریکردن بهێنێت بەڵام رەتیدەکاتەوە لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا هیچ گفتوگۆیەکی کردبێت.

ناتوانم لەبارەی بەندەکانی گرێبەستەکەم هیچ بڵێم چونکە ئەمە نهێنییە، بەڵام من دەمەوێت لە بارسێلۆنا بمێنمەوە و دەمەوێت هەر لە بارسێلۆنا واز لە یاریکردن بهێنم چونکە ئێرە ماڵی منە، نامەوێت گرێبەستەکانم درێژ بن، چونکە هەمیشە دەمەوێت تاکو ئەو رۆژەی جەستەم رێگام پێدەدات و لە رووی توانای جەستەییەوە توانای یاریکردنم دەبێت لە یاریکردن بەردەوام بم، بیرم لەوە نەکردووەتەوە بچمە هیچ یانەیەکی دیکە و گرنگی بە مەرج و بڕی پارەی گرێبەستەکەم نادەم، بەڵکو تەنیا دەمەوێت لەگەڵ بارسێلۆنا لەسەر سەرکەوتنەکان بەردەوام بم، دەمەوێت لەگەڵ پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو کار بکەم، ساڵانێکی زۆرە ساڵ بە ساڵ گڕیبەستەکەم نوێدەکرێتەوە، تاکو ئێستاش لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم گفتوگۆ نەکراوە، چونکە باوکم گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆکی یانەکە دەکات و تاکو ئێستا باسی هیچی نەکردووە ئەگەر هەر شتێک هەبێت ئاگادارم دەکاتەوە.