فلۆرێنتینۆ پێرێز نایەوێت گوێی لە ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بێت

داوای لە لۆپیتێخی کردووە بە باشە ناوی کریستیانۆ نەهێنێت

فلۆرێنتینۆ پێرێز نایەوێت بە هیچ شێوەیەک لە یانەکەی ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببیستێت و پێشی ناخۆشە یاریزانان و راهێنەری یانەکەی حەسرەت بۆ فرۆشتنی ئەو هێرشبەرە پۆرتوگاڵییە بکێشن.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز لەگەڵ جولیان لۆپیتێخی راهێنەری یانەکەی کۆبووەتەوە، بەڵام لەبری ئەوەی باسی هۆکاری ئەنجامە خراپەکانی ئەمدوواییەی ریال مەدرید بکەن، پێرێز هۆشداریی داوەتە راهێنەرە ئیسپانییەکە بە هیچ شێوەیەک بە باشە ناوی کریستیانۆ نەهێنێت و لە بەردەم یاریزانەکانیش حەسرەت بۆ رۆیشتنی کریستیانۆ نەکێشێت.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکراشیکردووە، پێڕیز لەو لێدوانانەی کەیلۆر ناڤاس تووڕەیە، کە رۆیشتنی رۆناڵدۆی لە یانەکەی بە زەرەر وەسفکردبوو.
دوای ئەوەی کریستیانۆ هاوینی رابردوو ریزەکانی ریال مەدریدی بەجێهێشت، میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردبووەوە، پەیوەندیی نێوان پێرێز و کریستیانۆ تێکچووبوو، بۆیە پێرێز گڵۆپی سەوزی بۆ رۆیشتنی کریستیانۆ هەڵکردبوو.