توێژینەوەیەک: محەمەد سەڵاح بیری دژە ئیسلامی لە لیڤەرپوول کەمکردووە

چەند داتایەک لەبارەی کاریگەری محەمەد سەڵاح لەسەر بیری دژە ئیسلامی بڵاوکرایەوە

K24 – هه‌ولێر:

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ، محەمەد سەڵاحی یاریزانی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، ترس و فۆبیای لە ئیسلام لە لیڤەرپوول کەمکردووە.

زانکۆی ستانفۆردی ئه‌مه‌ریكی لە توێژینەوەیەکیدا ئاشکرایکردووە، لەوەتەی محەمەد سەڵاح هاتووەتە لیڤەرپوول، رێژەی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە موسڵمانان دەکرێت لە لیڤەرپوول، بە رێژەی 18.9% کەمیکردووە.

هەروەها، بە بەراورد بە یانە ئینگلیزییەکانی دیکە، رێژەی پۆستکردنی دژە ئیسلامیانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە لایەن هاندەرانی لیڤەرپوولەوە، بۆ نیو هێندە کەمیکردووە.

ئەو یاریزانە میسرییە لە ساڵی 2017، لە یانەی رۆمای ئیتاڵییەوە هاتە لیڤەرپوول، ئەمساڵیش توانی خولی یانە پاڵەوانی ئەوروپا لەگەڵ یانەکەی بباتەوە و گۆڵێکیش لە یاری کۆتایی تۆمار بکات.

ئەوەی جێگای سەرنجی هاندەرانە، جیا لەوەی ئەو یاریزانە موسڵمانە ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، هاوسەر و منداڵەکانی دەهێنێتە ناو یاریگا و لە ئاهەنگێڕانەکانی یانەکەی بەشدارییان پێ دەکات.

 Independent 

H.J