کۆڤان حەسەن لە پاڵەوانێتی خاوەن پێداویستی تایبەتی 2019 مێداڵیای بڕۆنزی بەدەستهێنا
کۆڤان حەسەن لە پاڵەوانێتی خاوەن پێداویستی تایبەتی جیهانی مێداڵیای بڕۆنزی بەدەستهێنا و بلیتێکی بەشداریکردنی لە پارائۆڵمپیکی 2020 مسۆگەرکرد.
کۆڤان حەسەن لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی پاڵەوانێتی خاوەن پێداویستی تایبەتی 2019ی کرد، کە یارییەکانی لە دوبەی بەڕێوە دەچن و توانی جارێکی دیکە دەستکەوتێکی جیهانی بەدەست بهێنێت و لە هەڵدانی رم سێیەم بوو.
سون پینگسیانگی یاریزانی چینی ریکۆردی تۆمارکرد و بە مەودای 44 مەتر و 35 سانتیم رمەکەی هەڵدا و پلەی یەکەم و مێداڵیای زێڕ بووە بەشی ئەو یاریزانە چینییە، پلەی دووەمیش بووە بەشی وڵدان نزاری یاریزانی عێراقی، کە رمەکەی بە دووری 43 مەتر و 96 سانتیم هەڵدا.
پلەی سێیەمیش بووە بەشی کۆڤان حەسەن، ئەو یاریزانە کوردە لە هەڵدانی رم ریکۆردی 42 مەتر و 24 سانتیمی تۆمارکرد، بەمەش ژمارەی پێشووی خۆی شکاند و مێداڵیای بڕۆنزیشی بردەوە.
کۆڤان حەسەن کە لە پارائۆڵمپیکی 2016 لە ریۆ مێداڵیای زێڕی بەدەستهێنا، بۆ سێیەمجار بەشداریکردنی لە یارییەکانی پارائۆڵمپیک مسۆگەرکرد، پێشتر بەشداریی پارائۆڵمپیکی 2012 لە لەندەن و 2016ی لە ریۆ کردبوو، بەهۆی ئەم دەستکەوتەشی بلیتێکی بەشداریکردنی لە پارائۆڵمپیکی تۆکیۆ مسۆگەرکرد کە ساڵی داهاتوو لە ژاپۆن بەڕێوە دەچێت.