ریال مەدرید بڕیار لە چارەنووسی لۆپیتێخی دەدات

لە کۆی 11 یاری ریال مەدرید لەگەڵ لۆپیتێخی 4 شکستی تووش بووە

رۆژ بە رۆژ دەنگی ناڕەزایەتی هاندەرانی ریال مەدرید دژی جولیان لۆپیتێخی زیاتر دەبێت، سەرەڕای ئەوەی سێ مانگە وەکو راهێنەری ریال مەدرید دەستبەکاربووە، کەچی دەنگۆکان لەبارەی دوورخستنەوەی رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن.
لۆپیتێخی لە کۆی 11 یاریی تاکو ئێستا لەگەڵ ریال مەدرید تووشی چوار شکست بووە، ئەمەش دڵەڕاوکێی لە نێو ماڵی مەدریدییەکان دروستکردووە، چوار یارییە لەسەر یەک لۆپیتێخی نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئیتر حاڵەتی مێرێنگی گەیشتووەتە راددەیەک بەرپرسانی یانەکە هەڵوەستەیەک بکەن.
ریال مەدرید نزیکەی حەوت کاتژمێرە هیچ گۆڵێکی نەکردووە، ئەمەش ترسی خستووەتە دڵی هاندەرانی یانەکە، دەترسن ئەوەی لە سێ ساڵی رابردوو لەگەڵ زیدان بەدەستیانهێناوە، لۆپیتێخی ئەم وەرزە وێرانی بکات.
رۆژنامەکانی مارکا و ئاس لە دوایین ژمارەیان هەڵوەستەیان لەسەر چارەنووسی راهێنەرەکەی ریال کردووە، رۆژنامەی ئاس دەڵێت، بەرپرسانی ریال مەدرید تاکو یاریی کلاسیکۆ ئارام دەگرن، تاکو 28ی ئەم مانگە بیر لە دوورخستنەوەی لۆپیتێخی ناکەنەوە، بەڵام ئەگەر ئەنجامەکانی یانەکە باشتر نەبوو، لەوانەیە کۆتایی ئەم مانگە ئەنتۆنیۆ کۆنتی یان سانتیاگۆ سۆلاری شوێنی لۆپیتێخی بگرنەوە.
رۆژنامەی مارکاش رەتیکردووەتەوە لۆپیتێخی لە مەترسیدا بێت، بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئاشکرایکردووە بەرپرسانی ریال مەرید بیر لە دوورخستنەوەی لۆپیتێخی ناکەنەوە، تەنیا ئەگەر ئەنجامەکانی یانەکە بەردەوام بن.
ریال مەدرید لەگەڵ لۆپیتێخی لە هەشت یاریی تەنیا ١٤ خاڵی کۆکردووەتەوە و لە چوارەمی ریزبەندیی لالیگا دێت، لە چامپیۆنزلیگیش سەرکەوتنێک و دۆڕانێکی بەدەستهێناوە، جامی سووپەری ئیسپانیاشی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لەدەست داوە.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی