ئه‌مڕۆ چاڤی دوایین یاری له‌ كاروانی وه‌رزشی خۆی ده‌كات

چاڤی یه‌كه‌مین ئه‌زموونی كاری راهێنه‌رایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌م یانه‌یه‌ تاقی ده‌كاته‌وه‌

ئه‌مڕۆ چاڤی هێرناندێزی ئیسپانی دوایین یاریی خۆی به‌ درێسی یانه‌ی سه‌ددی قه‌ته‌ری ده‌كات و به‌ یه‌كجاری واز له‌ یاریكردن ده‌هێنێت.

له‌ گه‌ڕی شه‌شه‌م و ركابه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی چواره‌می خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئاسیا یانه‌ی سه‌دی قه‌ته‌ری ده‌بێته‌ میوانی پێرسپۆلیسی ئێرانی، كه‌ یانه‌كه‌ی چاڤی گه‌یشتنی به‌ قۆناخی داهاتوو مسۆگه‌ر كردووه‌ و پێرسپۆلیسیش هیچ هیوایه‌كی نه‌ماوه‌.

چاڤی سه‌ركرده‌ی سه‌د ده‌رفه‌تی له‌به‌رده‌مه‌ له‌ دوایین یاریی فه‌رمی له‌ كاروانی یاریكردنی به‌ بردنه‌وه‌ ته‌واو بكات، كه‌ ئه‌م یاریزانه‌ یانه‌كه‌ی دوای شه‌ش ساڵ به‌ نازناوی خولی قه‌ته‌ری ئاشنا كرده‌وه‌ و سه‌ركردایه‌تی یانه‌كه‌شی كرد له‌ گه‌یشتن به‌ قۆناخی شازده‌ی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، چاوه‌ڕێش ده‌كرێت دوای وازهێنان له‌ یاریكردن له‌ شوێنی فێرێرای پۆرتوگالی ببێته‌ راهێنه‌ری یانه‌ی سه‌د.

چاڤی له‌ ساڵی 2015 په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ قه‌ته‌ریه‌كه‌وه‌ كرد هه‌رچه‌نده‌ به‌فه‌رمی وازهێنانی له‌ یاریكردن راگه‌یاندبوو، له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌شی تاكو ئێستا جامی ئه‌میر و جامی قه‌ته‌ر و ئه‌م وه‌رزه‌ش نازناوی خولی قه‌ته‌ری به‌ده‌ستهێنا.

چاڤی ته‌مه‌ن 39 ساڵ، ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان 17 یاری بۆ یانه‌كه‌ی كردووه‌، 5 گۆڵ و 6 ئاسیستی تۆمار كردووه‌.