به‌ فه‌رمی رووسیا له‌ سه‌رجه‌م چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كان سڕ كرا

ناتوانێت به‌شداریی له‌ مۆندیالی2022 بكات

بە شێوەیەکی فەرمی رووسیا ناتوانێت تاوەکو چوار ساڵی داهاتوو بەشداری هیچ چالاکییەکی وەرزشی بکات.

ئەمڕۆ لیژنەی جیهانی بەرەنگاربونەوەی ماددە وزەبەخشەکان، بریاریدا کە رووسیا لە تەواوی چالاكییه‌ وەرزەشیەکان بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو سڕ بکات، واتە وەرزشوانانی ئەم وڵاتە ناتوانن لە چوار ساڵی داهاتوو بەشداری ئۆڵمپیکی 2020 و ئۆڵمپیکی زستانە و هەروەها مۆندیالی 2022 بکەن، بەڵام ئەو وەرزشوانانەی کە ماددەی قەدەخەکراویان بەکار نەهێناوە، دەتوانن لە ئۆڵمپیکی داهاتوو بە ئاڵای ئۆڵمپیکەوە بەشداری بکەن.

ئەو سزایەی لیژنەی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی مادە قەدەخەکراوەکان ئەو چالاکیەکانی سەر بە یوێفا ناگرێتەوە، واتە رووسیەکان دەتوانن بەشداری یۆرۆی 2020  و چامپیۆنزلیگ و خولی ئەورووپا بکەن.

پێشتر لە ساڵی2015  چەند بەڵگەیەک ئاشکرابوون کە چەندین وەرزشوانی ئەم وڵاتە لە چالاکی جیاواز ماددەی قەدەخەکراویان بەکار هێناوە، بۆیە ئەمڕۆ دوای لێکۆڵینەوەیەکی چەند ساڵە، بریاردرا کە رووسیەکان چوار ساڵ لە تەواوی چالاكییه‌ وەرزشیەکان سڕ بکرێت و ئەم وڵاتە21  رۆژیان بەردەستە تانە لەم بریارە بدەن.