کوڕەکەی زێدان هۆکاری گەڕانەوەی باوکی بۆ مەدرید ئاشکرا دەکات

"مەدرید لە دۆخێکی باشدایە ئێستا"

K24 – هه‌ولێر:

ئانزو زێدان، کوڕی زینەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رایگەیاند، باوکی گوێی لە دڵی گرتووە بۆیە گەڕاوەتەوە مەدرید.

لە ساڵی 2018 و لە دوای بەدەستهێنانی جامی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، زێدان یانە شاهانەکەی جێهێشت، بەڵام جارێکی دیکە ئەو راهێنەرە گەڕایەوە سەر ئەرکە نوێیەکەی.

لە لێدوانێکی بۆ سایتی سپۆرت، ئانزوی یاریزانی یانەی رایۆ ماخاداهۆندای ئیسپانی لەبارەی گەڕانەوەی باوکی بۆ مەدرید رایگەیاند: "من دڵخۆشم بەو کارەی باوکم، هیوادارم باشترینی خۆی پێشکەش بکات، من متمانەم بە کارەکانی هەیە و وەک هەمیشە پشتگیری دەکەم".

راشیگەیاند: "ئەو هەمیشە گوێ بە دڵی دەدات کاتێک کار دەکات. کاتێک گوێ لە دڵت دەگریت، شتەکان باش دەبن. ئێستا مەدرید لە دۆخێکی باشدایە، من وەک کوڕی ئەو و وەک هاندەرێکی مەدرید، دڵخۆشم".

H.J