نێچیرڤان بارزانی تکایە چارسەرێک لە وەرزشی سۆران بکە

داواکارییەک لە رۆژنامەنووسێکی سۆرانەوە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

نووسینی: جەلال سەعید

سۆران بۆتە شارێکی دیکەی کوردستان و زۆر جیاوازە لەگەڵ رابردوو، کەچی لە بواری وەرزشیدا جێگای مەترسی سەرجەم وەرزشوانان و وەرزشکارانە، یانەی سۆران سەڕەڕایی نەبوونی ھیچ پشتگیری و ھاوکاری و بێ ھیچ داھاتێکی دارایی توانی خۆی بگەینێتە خولی یانە پلە نایابەکانی کوردستان، بەھەموو ئەو کەم و کورتییانەی دارایی و بێ یاریگای توانی ململانێ و رکابەری توندو بەھێز و جەنگاوەرانەی یانەکانی دیکەی کوردستان بکات بۆ ئەوەی ئاوات و ئامانجی وەرزشوانان و ھاندەران و جەماوەری شاری سۆران بێنێتە دی، ئەگەر ھاوکاری و پشتگیرییەکانی دارایی بەردەوامی ھەندێ دەزگاو بەتایبەت (نەھرۆ مەحموود رواندزی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەبوایە، یانەی سۆران لە چوارگۆشەی زێرینی خولەکە پاشەکشەی دەکرد، بەڵام نەھرۆ مەحموود وەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشتگیری و ھاوکاری یاریزانان و یانەکە نەوەستا تاکو گەیشتە خولی پلە نایاب، سەرمایەی یانەی سۆران لە شارەکەدا تەنھا جەماوەر و ھاندەر و تێکرایی وەرزشوانانی شاری سۆران بوو، ھەموو رەنگ و دەنگەکانی لە خۆی کۆکردۆتەوە، ھەموویان لە ژێر ناوی شاری سۆران و لە پێناو پشتگیری و ھاوکاری یانەی سۆران و یاریزانان و جوانی شاری سۆران وەک گەورەترین جەماوەر و ھاندەر لە کوردستان خۆیان دەرخستووە.
شارێک چاوی لە پارێزگا بوونە و بێ یاریگایە و یانەکەشی بێ ھاوکاری و پشتگیرییە و ھیچ شوێنێکی نییە بۆ مەشق و راھێنان و ئەنجامدانی یارییەکانی فەرمی، ئەگەر چارەسەرێکی بە پەلەی بۆ نەکرێت و یاریگایەکی بۆ نۆژەن نەکرێتەوە و نەبێتە خاوەن یاریگایەک و ھەر بەو شێوەیە بێت، بۆ وەرزی داھاتوو پەکی دەکەوێت و ناتوانی یارییەکانی لە سۆران ئەنجام بدات، بە واتایەکی تر رەنگە لە بەشداریکردنی خولی یانە پلە نایابەکان بێبەش بێت.
ئەمەش گەورەترین ستەمە بۆ ئەو جەماوەرە زۆرەی لە یانەکە کۆبۆتەوە، دەبێتە کارەسات بەرامبەر بە وەرزش و وەرزشکاران و یانەی سۆران و ئەو شارە.
بەرێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێم وەرزشوانان و جەماوەری ئەو شارە داواکارن لە بەرێزتان چارەسەری وەرزشی دەڤەری سۆران بکەن تاکو بواری وەرزش ھاوشانی جوانییەکانی ئەو سەرکەوتنەی سۆران و وەرزشکار‌و گەنج و لاوەکانی بێت.
داخوازین بە زووترین کات بڕیاری دەرکردنی بودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگاو پشتگیری و ھاوکاری یانەی شاری شەھیدان (سۆران) بدەی، دڵخۆشی و شادی سەرکەوتنیان بۆ پلە نایاب بکە بەدوو خۆشی و شادی.
یانەی وەرزشی سۆران زیاتر لە 25 ساڵە بێ یاریگایە، ھیچ کاتێکیش لە بەشداریکردنی لە خول و پاڵەوانییەتییەکان نەوەستاوە، بێ بچووکترین شوێنی مەشق و راھێنانی تیپەکانی وەرزشییە، ھیچ شوێنێکی نییە بۆ ئەنجامدانی یارییەکانی.
بەرپرسانی کار بەدەست و دەستڕۆیشتووی پێشەنگی شاریش لە جیاتی ھاوکار و پاڵپشت بن بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانیان، بەپێچەوانەوە کۆسپ ولەمپەر و رێگرن، ھەندێکیان رەنگ و درێسی یانەکەش نازانن چۆنە و چ رەنگێکە، لە نێو گۆڕەپان یاری نازانن کەمەیان یانەی شارەکەیەتی، ئەوان باکیان بە وەرزش و لاوەکانی نەبووە و نییە.
سۆران دوو یاریگای گەورەی کاولکراویی ھەیە، کەچی ھیچیان ناشێن بۆ بەڕێوەچوونی یاری، وەرزشی سۆران لە سایەی بەرپرسانی ئەم شارە گەیشتۆتە ئەو رۆژەو تۆزقاڵێک خەمیان بۆ وەرزش و وەرزشکاران نەبووە و ھیچ بەرنامەو پلانێکیان بۆ وەرزش و گەنج و لاوانی ئەو شارە شۆڕشگێرە نەبووە.
ئەگەر دادگایەکی وەرزشی لە کوردستان ھەبوایە، دەبوایە بەرپرسانی ئەم شارە دادگایی کرابان و بەزیندانکران زۆر مەمنوون و دڵخۆشبان.
بەڕێز سەرۆکی حکومەت، تکایە بەرەو ھاواری وەرزشوانان و وەرزشکار و جەماوەر و یانەکەی وەرە، شار و یانەی سۆران بێ یاریگان، گەنج و لاوەکان لەبەر نەبوونی ھیچ شوێنێکی وەرزشی و پارکێک لە بڕی وەرزش و ئارزووە جوانییەکانیان بە یارییەکانی ئەلکتڕۆنی و کافیترایاکان سەرقاڵن، ئەگەر بەھانایی بواری وەرزش‌و یانەو وەرزشکارانی نەھێت، دەبێتە گرفتێکی گەورە و کارەسات، گەنج‌و لاوەکانی ئەم شارەت، گەورەترین‌و بەھێزترین‌و بەھاترین چەکی پۆڵایینن بۆ پاراستنی نشتیمان‌و دەستکەوتەکانی پەرلەمان و حکومەت، ئەم شارە خاوەن زۆرترین شەھیدە لە پاراستنی کورد و کوردستان.
گەنج و لاوەکان سامانی وڵات و دەوڵەتن بەر لەوەی سامانی دایک و باوک بن، پەروەردەکردنی گەنج و لاو بە پلەیەک ئەرکی حکومەت و دەوڵەتە، حکومڕانانی شار ھیچ گرنگیان بەحەزو ئارەزووی گەنج و لاوەکانی شارەکە نەداوە، ئەم شارە پڕە لە گەنج و لاوی بەتوانا لە زۆربەی بوارەکانی ژیان، ئەم شارە بەھێزترین پاڵپشت و پشتگیری جوانییەکانی نەتەوە و نیشتمان و وڵات پارێزییە، لە سایەی بەرپرسانی شار یاریگای سەنتەری سۆران و گۆڕەپانی کۆنی دیانا وێرانکران و تێکدران، ئەو دوو شوێنە دەیان و بەسەدان گەنج و لاو و یاریزان و وەرزشکاری لە حەزو ئارەزوو و پێگەیاندنیان بێبەشکرد.

جەلال سەعید، رۆژنامەنووسی وەرزشی لە سۆران
جەلال سەعید، رۆژنامەنووسی وەرزشی لە سۆران