"یانه‌ی هه‌ولێر له كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا بڕیاری له‌سه‌ر هێنانی ئه‌م راهێنه‌ره داوه"
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت به كوردستان24 یانه‌ی هه‌ولێر گفتووگۆی له‌گه‌ڵ رادان گاسانینی راهێنه‌ری كرواتی ده‌ستپێكردووه و پێشبینی ده‌كرێت له چه‌ند رۆژی داهاتوو ئه‌م راهێنه‌ره بگاته هه‌ولێری پایته‌خت.
كوردستان24 زانیاری ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتووه یانه‌ی هه‌ولێر له دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌كه تاوتوێی چه‌ند راهێنه‌رێكیان كردووه، له نێویاندا رادان گاسانین به‌ربژێری یه‌كه‌مه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی هه‌ولێر.
رادانان گاسانینی ته‌مه‌ن 56 ساڵ پێشتر له وه‌رزی 2012 ـ 2013 راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر بووه و له كوردستان زۆر هه‌ستی به ئارامی كردووه، به‌ڵام له دۆخی ئه‌منی ناوچه‌كانی ناوه‌راست و باشووری عێراق دڵنیا نه‌بوو، بۆیه ئاماده نه‌بوو بۆ یارییه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر یاوه‌ری شاندی یانه‌كه بكات بۆ به‌غدا و ناوچه‌كانی دیكه‌ی باشووری عێراق بۆیه یانه‌ی هه‌ولێری جێهێشت و ئێستاش نزیكه له‌وه‌ی جارێكی دیكه بگه‌ڕێته‌وه هه‌ولێر.
رادان گاسانین له 13 یه‌نایه‌ری 1967 له دایك بووه، له كۆتاییه‌كانی هه‌شتایه‌كان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان وه‌ك یاریزان یاری بۆ یانه‌كانی (ریپیكا و ئۆرینێت)ـی یوگسلافیای پێشوو كردووه، دواتر روویكرده بواری راهێنه‌رایه‌تی زۆرترین ئه‌زموونی له كه‌نه‌داوی عه‌ره‌بی تاقی كرده‌وه و راهێنه‌رایه‌تی هه‌ریه‌ك له هه‌ڵبژارده‌ی كوێت، یانه‌ی نه‌سری سعوودی و كوێتی كوێتی و ره‌فاعی به‌حرێنی و ئیتیحادی ئیماراتی، قادسیه‌ی كوێت و مه‌ریخی سوودانی كردووه و دوایینجاریش راهێنه‌ری یانه‌ی عروبه‌ی ئیماراتی بووه به‌ڵام له هاوینی 2018ـه‌وه بێ یانه‌یه و راهێنه‌ری هیچ یانه‌یه‌ك نییه.