لە چەند کاتژمێری داهاتوو مۆرینهۆ لە شوێنی پۆچێتینهۆ دەبێتە راهێنەری تۆتێنهام

لە دوێنێوە مۆرینهۆ و تۆتێنهام دەستیان بە گفتوگۆ کردووە

ئەمڕۆ خۆزێ مۆرینهۆ بەفەرمی دەبێتە راهێنەری تۆتێنهام و جارێکی دیکە سپێشەڵ وەن دەگەڕێتەوە پرێمەرلیگ.
کەناڵی سکای سپۆرتسی بەریتانی ئاشکرایکردووە، شەوی رابردوو خۆزێ مۆرینهۆ و تۆتێنهام لەبارەی دەستبەکاربوونی مۆرینهۆ وەکو راهێنەری تۆتێنهام دەستیان بە گفتوگۆ کردووە و زۆر نزیکن لە یەکتری و چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ بەفەرمی گرێبەستەکە رابگەیەنرێت و رۆژی شەممەی داهاتوو مۆرینهۆ لە شوێنی پۆچێتینهۆ لە یاریی بەرامبەر وێستهام یونایتد راهێنەرایەتی هۆتسپێرز بکات.

فابریزیۆ رۆمانۆی رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی رایگەیاندووە، هەموو شتێک لە نێوان تۆتێنهام و مۆرینهۆ یەکلابووەتەوە، تەنیا ماوە بەفەرمی گرێبەستی نێوانیان رابگەیەنرێت.
مۆرینهۆ لە دیسێمبەری ساڵی رابردووەوە لەوەتەی لە راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد دەرکراوە راهێنەری هیچ یانەیەک نییە، کە پێشتر لە پرێمەرلیگ جگە لە مان یونایتد راهێنەرایەتی چێڵسیشی کردووە.
جگە لە مۆرینهۆ ناگلیسمانی راهێنەری 32 ساڵانی لایپزیگی ئەڵمانیش بەربژێرە بۆ راهێنەرایەتی تۆتێنهام، بەڵام یانە ئەڵمانییەکە ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو راهێنەرە لاوەی بێت.