عه‌بدوڵڵا مه‌حموود هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له یانه‌ی هه‌ولێر ئاشكرا ده‌كات
عه‌بدوڵڵا مه‌حموود بۆ یه‌كه‌مجار له رێگه‌ی كوردستان24 هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له یانه‌ی هه‌ولێر ئاشكرا كرد و راشیگه‌یاند به یه‌كجاری بڕیاری وازهێنانی له كاری راهێنه‌رایه‌تی داوه.
دوای شكسته‌كه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر له نێو یاریگه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر شێروانه، عه‌بدوڵڵا مه‌حموود بڕیاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی هه‌ولێر راگه‌یاند، له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 هۆكاره‌كه‌ی بۆ هێنانی یاریزانه‌كانی تیپی هه‌ولێری خولی عێراق ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
عه‌بدوڵڵا مه‌حموود ده‌ڵێت: راسته ئه‌و یاریزانانه‌ی هه‌ولێر له خولی نایابی عێراق یاری ده‌كه‌ن یاریزانی باشن، به‌ڵام به‌شێكیان حه‌زیان له خولی كوردستان نییه و وه‌ك پێویست ناتوانن له خولی كوردستان یاری بكه‌ن و له‌ژێر فشاری ئیداره‌ی یانه‌كه له خولی كوردستان به‌شدارییان پێده‌كه‌ن.
عه‌بدوڵڵا مه‌حموود ده‌شڵێت: زانیم ئه‌گه‌ر یاریزانه‌كانی خولی عێراق له تیپه‌كه‌م زیاد بكه‌م تووشی شكست ده‌بم، بۆیه هه‌فته‌یه‌ك پێشتر له یانه‌كه دووركه‌وتمه‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شوكری یاریده‌ده‌ریشم هه‌موو شتێكم یه‌كلاكردبووه‌وه و دواتر بڕیاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م دا.
عه‌بدوڵڵا مه‌حموود گوتیشی: پێشبینی ئه‌وه‌م ده‌كرد، هه‌ولێر تووشی ئه‌م شكستانه بێت، هه‌رچه‌نده زۆر حه‌زم ده‌كرد له دوایین یاری هه‌ولێر له شێروانه بباته‌وه و به‌سوود بۆ ئه‌حمه‌د شوكری یاریده‌ده‌ر بشكێته‌وه كه له‌و یارییه رۆڵی راهێنه‌ری بینی.
عه‌بدوڵڵا مه‌حموود له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، له رێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه وازهێنانی یه‌كجاره‌كی له كاری راهێنه‌رایه‌تی راگه‌یاند و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه جارێكی دیكه تێكه‌ڵی كاری راهێنه‌رایه‌تی نابمه‌وه.
عه‌بدوڵڵا مه‌حموود به ته‌مه‌نترین راهێنه‌ری كوردستان بوو، پێشتر راهێنه‌ری یانه‌كانی، بروسك، ئارارات، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، كه‌ركووك و گازی باكوور بووه.