پلاتینی ته‌نیا ئه‌م یاریزانه‌ به‌ شایسته‌ی تۆپی زێرین ده‌زانێت

پلاتینی: بۆ ئه‌م یاریزانه‌ چامپیۆنزلیگ ناكرێته‌ پێوه‌ر

میشێڵ پلاتینی سه‌رۆكی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌ورووپا له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد له‌م وه‌رزه‌ ئاست و ئاماری مێسی پێش كریستیانۆ كه‌وتووه‌، ده‌شڵێت: مێسی شایسته‌ی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی تۆپی زێرینی ئه‌م وه‌رزه‌یه‌.

میشێڵ پلاتینی كه‌ به‌ تێوه‌گلانی به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ له‌ چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كان سڕ كراوه‌، له‌ لێدوانێكدا ده‌ڵێت: هێشتا ناسنامه‌ی خه‌ڵاتی تۆپی زێرین ماویه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ربكه‌وێت، چه‌ندان پاڵه‌وانێتی دیكه‌ به‌ڕێوه‌یه‌ به‌تایبه‌تی كۆپا ئه‌مریكا و جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌فریكا.

پلاتینی گوتیشی: به‌ڵام تا ئه‌م كاتانه‌ مێسی باشترینی ئه‌م وه‌رزه‌یه‌ و دوورخرانه‌وه‌شی له‌ یاریی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپوول نابێته‌ هۆكاری بێبه‌شبوونی مێسی له‌ خه‌ڵاتی تۆپی زێرین، چونكه‌ مێسی تا ئه‌م ساته‌ له‌ هه‌مووان باشتره‌.

لیۆنێل مێسی كاپتنی بارسێلۆنا ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ كۆی 10 یاری 12 گۆڵی له‌ چامپیۆنزلیگ كردووه‌ و خه‌ڵاتی گۆڵكارانی خوله‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ و پێشبینی ده‌كرێت خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ش وه‌ربگرێت، به‌وپێیه‌ی مێسی زۆرترین ئاسیستی كردووه‌ و له‌ هه‌ر 70 خوله‌كێك گۆڵێكی كردووه‌ و زۆرترین لێدانیشی بۆ نێو گۆڵ هه‌بووه‌.