بزانه‌ پێرێز به‌ نیازی چییه‌؟

"پێرێز به‌ دوای ئافره‌تێكدا ده‌گه‌ڕێت كه‌ هاوسه‌ری هه‌یه‌"

لە دوای ڕۆیشتنی زیدانی ڕاهێنەر و ڕۆناڵدۆی ئەستێرە، بیر و ڕاکان جیاواز بوون هەندێکیان پێیان وابوو دوای ڕۆیشتنی ئەم دوو کۆڵەکە گەورەی یانەکە، مێرێنگی لەڕکابەری ناسناوەکان بەردەوام دەبێت و زیاتر به‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵ یاری ده‌كات، بەپێچەوانەوە هەندێکی دیکە بیرکردنەوەیان بەم ئاراستەیەبوو کە لۆس بلانکۆس دوای ڕۆیشتنی ئەو دوو گەوهەرە پڕ بەهایە تووشی داڕمان دەبێت و پێویستی بە ئەپدەیتێکی سەرتاسەری هەیە.

بێگومان ئەوەی دووەمیان ڕاست دەرچوو، ئێستە حاڵی یانەکە لەبەردیدی هەموواندا ڕوونە کەدوای نەمانی زیزۆ و دۆن، پێرێز نەیتوانی پایەکانی یانەکەی ڕاستکاتەوە بکەوێتەوە ململانێی ناسناوەکان، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستاش سۆلاری ده‌یكات هیچ دڵنیاییه‌كی تێدا نییه‌ و هێشتا تووشی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورس نه‌بووه‌.

 جۆلیان لۆپیتێخی ئەو ڕاهێنەرەی لە گەرمەی مۆندیالدا پۆستی هەڵبژاردەی ئیسپانیای جێهێشت بۆ ڕاهێنەرایەتی یانەی شاهانە هەر زوو دەرکەوت نەیتوانی کۆنتڕۆڵی ژووری خۆگۆڕینی یاریزانان بکات ئەنجامەکانی گەواهین کە بەڵێ جۆلیان سەرکەوتوو نەبوو لەمامەڵە کردن لە هەم کۆمەڵێک ئەستێرەی پڕ ناسناودا کە تێربوونە لە دەستکەوت هەر بۆیه‌ تووشی نه‌خۆشییه‌كی کوشندە هاتن و پێویستیان بەدکتۆرێکە شاره‌زاییه‌كی پتەوی هەبێت و چارەی دەردی گرانیان بکات.

ڕوونە کە لۆپیتیخێ ئەو دکتۆرە نەبوو بگرە گەر زیاتر بمایاتەوە دەبووە هۆکارێک بۆ زیاتر قوڵکردنی برینی ساڕێژ نەبووەکەی یانە گەورەکەی ئەوروپا و جیهـان، بیرتان دەخەمەوە زیدان لەسەروبەندی ماڵئاوایدا وتی دەڕۆم چونکە مێرێنگێ پێویستی بە گۆڕانکارییە، ئاشکرایە کە مەبەستی ئەو ڕاهێنەرە فەرەنسییە لەوەدابوو بەڵێ دەبێ فۆڕماتێک بۆ سەراپای یانە ئیسپانییەکە بکرێت، کۆمەڵێک یاریزانی نوێ و ڕاهێنەرێکی نوێ بەفۆڕمێکی تازەوە بەرگێکی چێژبەخش بە بەرمێرێنگێ بکەن، پێرێز ئەمەی نەکرد.

 یەک نموونەی سادە، پێرێز پێویستی بەهێرشبەرێکی گۆڵکار هەبوو تاوەکو بتوانێت کەمێک لە بۆشایی ڕۆناڵدۆ پڕبکاتەوە، كه‌چی پێرێز ئه‌م كاره‌ی نه‌كرد، به‌ڵام چوو گۆڵپارێزێكی گواسته‌وه‌، له‌ كاتێكدا ریال مه‌درید له‌ هه‌موو هێڵه‌كان كێشه‌ی هه‌بوو جگه‌ له‌ گۆڵپارێزنه‌بێت.

پێرێز ویستی بەماریانۆ دیاز کێشەی هێڵی پێشەوە چارەبکات لە هەمووی کارەساتتر ژمارەکەی ڕۆناڵدۆی پێبەخشی ئەو هەموو پەستانەی خستە سەر ئەو لاوە تازە دەرکەوتووە، حاڵی ئەمیشی پتر وێران کرد.

لە هێڵی بەرگریدا کێشەی هەبوو پڕینەکردەوە لە هێڵی ناوەڕاستیش بەهەمان شێـوە، ئەو سەرۆکێکی کەللـە ڕەقە زۆربەی کات بڕیارەکانی دەسەپێنێ، لۆپیتیخێ لەبەر لاوازی کەسایەتی نەیتوانی ئارەزووەکانی هەوادارانی ڕیال تێربکات بگرە چەکی ڕووبەڕوو بوونەوەی پێرێزیشی نەبوو هەر ئەمەش بوو تەمەنێکی کوورتی لەبێرنابیۆ بردەسەر.

 لەئێستەدا سانتیاگۆ سۆلاری ڕاهێنەرێکی گەنج و یەکێک لە ئەستێرەکانی پێشووی یانەکە جڵەوی ڕاهێنەرایەتی یانەی شاهانەی گرتۆتە دەست و لەدوو یاریدا دوو سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵێ به‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش ده‌ستیپێكردووه‌ و 3 یاری له‌سه‌ریه‌كی له‌ جامی شا، لالیگا و چامپیۆنزلیگ بردۆته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ریال مه‌درید به‌ رابه‌رایه‌تی سۆلاری به‌رامبه‌ر یانه‌یه‌كی گه‌وره‌ تاقی نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و راهێنه‌رێكی كاتییه‌ و مانه‌وه‌ و دوورخرانه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌فته‌كانی داهاتوو.

سەرنجتان بۆلای ئەو ڕاهێنەرانە ڕائەکێشم لە بیرۆکەی فلۆرۆنتینۆ پێرێزدا دەخولێنەوە، یەکەمیان ئەنتۆنیۆ کۆنتی بوو کە لەنیوەی ڕێگادا پاشکشێی کرد بەهۆی ئەوەی مەرجەکانی ڕاهێنەرە ئیتاڵییەکە بۆ سەرۆکی یانەکە قوورس بوون، بەتایبەت كۆنتی داوای گۆڕانکاری گەورەی کرد و جیا لەوەش ڕایگەیاند کەنابێ هیچ کەسێک دەستوەرداتە کا وباری ئەو.

دواتر قسە لەگەڵ یۆرگن کڵۆپ کرا ئەمیش ڕەتیکردووە بەبیانوی ئەوەی دەیهەوێ لە لێڤەرپووڵ بەردەوام بێت، ئینجا ماوریسیۆ پۆچیتینۆ، ئەو ڕاهێنەرە ئارجێنتیناییە لەوەڵامدا وتی: "ڕیال مەدرید بەدوای ئافرەتێکدا دەگەڕێت کەهاوسەری هەیە.

خافیێر مارتینێزی ئیسپانی و ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەلژیکا بەربژێرێکی تـرە، بەڵام نازانرێت بۆی پێرێز ئەو ڕاهێنەرەی دەوێت لەکاتێکدا پێشتر لە ئێڤەرتۆن هیچ دەسکەوتێکی وای نەبوو شیاوی باسبێت بە دەر لەوەش لەبەلژیکا وێڕای تیپێکی پڕ لەئەستێرە ئەنجامەکەی وەک پێویست نەبوو ڕەنگە هەر ڕاهێنەرێکی دیکەبوایە ئەوە پێ بکرایە كه‌ مارتینێز له‌ مۆندیال بۆ به‌لژیكای كرد.

ئەی سی میلانیش ئارسین ڤینگەری لە پلانەکانی پێرێز دوورخستەوه ئەگینا ئەمیشیان بەربژێر بوو، له‌ ئێستادا سەرۆکی ڕیال مەدرید بژارده‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌یه‌ و ڕاهێنەرێکی دیکەی دەستنیشان کردووە کە مارسیلینیۆ گارسیایه‌، ئەو ڕاهێنەرە لە ڤیاڕیال ئەنجامەکانی باشبوون، بەڵام لەسەر یاریکردن بەئەنجامی یارییەکان دوورخرایەوە، لەئێستەشدا وێڕای کۆمەڵێک یاریزانی باش له‌ ڤالێنسیا، یانەکەی گارسیا لە ریزبه‌ندی 15ـه‌می لالیگادایه‌، هێشتا روون نییه‌ پێریز له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك مارسیلینیۆی بۆ راهێنه‌رایه‌تی ریال مه‌درید به‌ربژێر كردووه‌.

بەکورتی بەشێکی زۆری ئەو ڕاهێنەرانەی لەسەرەوە ناویان هاتـووە لۆپیتیخیێکی ترن ناتوانن ئایندەی یانەکە بگەشێننەوە، وزەی ئەوەیان تێدا نییە به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی ریال مه‌درید له‌ئه‌ستۆ بگرن.

ئەگەر پێرێز هەر ئەو ڕاهێنەرانە بەفریادڕەس دەزانێت ئەوا بهێڵێت سۆلاری بەردەوام بێت زۆر چاکترە، چونکە ڕوونە کە هیچیان لەسۆلاری باشتر نین لەئێستەدا لانیکەم تا مێرکاتۆی زستانە سانتیاگۆ بەردەوام بێت ئینجا پێرێز بە قاسه‌یه‌كی گەورەوە و گیرفانێكی پڕتر بێتەوە ناو بازاڕی یاریزانان و خاڵە لاوازەکانی یانەکەی پڕبکاتەوە.

نووسینی: سه‌ردار جه‌بار

سه‌ردار جه‌بار راگه‌یاندكاری وه‌رزشی
سه‌ردار جه‌بار راگه‌یاندكاری وه‌رزشی