به‌په‌له.. یانه‌ی برایه‌تی راهێنه‌ری نوێی ده‌ستنیشان كرد
دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی فاتیح حه‌مه‌خان له راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی برایه‌تی، ئیداره‌ی سه‌وزپۆشه‌كانی پایته‌خت له‌گه‌ڵ مه‌حموود مه‌جید یاریزانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی برایه‌تی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ مه‌حموود مه‌جید به فه‌رمی به راهێنه‌ری نوێی برایه‌تی ده‌ناسێنن و ئه‌ركی یانه‌كه بۆ هه‌ردوو خولی كوردستان و عێراق ده‌گرێته ئه‌ستۆ.
مه‌حموود مه‌جیدی ته‌مه‌ن 46 ساڵ، هێرشبه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بووه و وه‌ك یاریزانیش یاری بۆ یانه‌ی شورته‌ی به‌غدا كردووه و له ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش له‌گه‌ڵ یانه‌كانی شه‌بابی لوبنانی و تشرینی سووری گۆڵكار بووه.
مه‌حموود مه‌جید له 2009 دوو خولی مه‌شق و راهێنانی له وڵاتی چیك بینیوه و له دوای 2010 ئه‌زموونی راهێنه‌رایه‌تی له‌گه‌ڵ یانه‌كانی كه‌رامه‌ی سووری، زه‌فاری عوممانی و تشرینی سووری تاقی كردۆته‌وه و ساڵانێكی زۆریشه بۆ كاری راهێنه‌رایه‌تی روویكردۆته خولی كوردستان.
مه‌حموود مه‌جید پێشتر وه‌ك راهێنه‌ر یانه‌ی هه‌ڵۆی له خولی پله‌یه‌كی كوردستان بۆ خولی نایاب سه‌رخست، وه‌رزی رابردووش راهێنه‌ری ئاكرێ بوو، ئه‌م وه‌رزه‌ش بۆ كاری راهێنه‌رایه‌تی گه‌ڕایه‌وه یانه‌ی هه‌ڵۆ، له ئێستاشدا یانه‌ی برایه‌تی بۆ شوێنگره‌وه‌ی فاتیح حه‌مه‌خان گه‌یشتۆته رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و راهێنه‌ره عه‌ره‌به عێراقییه.
ئه‌حمه‌د خه‌لیل سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ڵۆ له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 نه‌یشارده‌وه كه ده‌ستبه‌رداری مه‌حموود مه‌جیدی راهێنه‌ریان بوونه و ماڵئاوایی له یانه‌كه‌ی كردووه و په‌یوه‌ندی به برایه‌تی كردووه.
سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ڵۆ ده‌شڵێت: له شوێنی مه‌حموود مه‌جید ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه‌مان راده‌ستی دینۆ میكایل كردووه كه پێشتر راهێنه‌ری لاوانی یانه‌كه بووه.
مه‌حموود مه‌جید بۆ قۆناخی دووه‌می خولی نایابی كوردستان راهێنه‌رایه‌تی برایه‌تی ده‌كات، ئه‌و یانه‌یه ئه‌م وه‌رزه له خوله‌كه له كۆی 12 یاری، 3 بردنه‌وه، 7 یه‌كسانبوون و 2 شكستی هه‌یه و به كۆكردنه‌وه‌ی 15 خاڵ له خانه‌ی هه‌شته‌می ریزبه‌ندی دێت.