ڤاڵڤێردی له باره‌ی یارییه قورسه‌كه‌ی سبه‌ی بۆچوونی خۆی راگه‌یاند
له گه‌ڕی بیسته‌می لالیگا بارسێلۆنا سبه‌ی یه‌كشه‌ممه له كامپ نوو رووبه‌ڕووی لیگانێس ده‌بێته‌وه، ئه‌م یارییه له كاتێكدایه یانه كه‌ته‌لۆنیه‌كه به 43 خاڵ له خانه‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندیه‌كه ده‌بینرێت، له به‌رامبه‌ردا لیگانێس 22 خاڵی هه‌یه و خانه‌ی سێزده‌می گرتووه.
بۆ ئه‌م یارییه‌ش زۆرینه‌ی یاریزانانی بارسا ئاماده‌ن، جگه له تۆماس فێرمایلین و ساموێل ئۆمتیتی و رافینا و سێرجی سامپه‌ر كه به‌هۆی پێكانه‌وه دووركه‌وتوونه‌ته‌وه.
له باره‌ی یارییه‌كه ئارنیستۆ ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری بارسێلۆنا له پرێس كۆنفرانسێكدا به‌مجۆره وه‌ڵامی میدیاكانی دایه‌وه.
ڤاڵڤێردی ده‌ڵێت: له یاریی چووندا به‌رامبه‌ر لیگانێس زۆر خراپ بووین و یارییه‌كه‌مان دۆڕاند، له كاتێكدا هه‌وڵمانده‌دا گۆڵ بكه‌ین به‌ڵام له خوله‌كێكدا دوو گۆڵمان لێكرا، له‌م جۆره یارییانه پێویسته به وردی یاریی بكه‌ین.
راهێنه‌ری بارسا گوتیشی: ئۆمتیتی به‌باشی چاك بووه‌ته‌وه، ئێمه به‌باشی ده‌یبینین به‌ڵام واده‌یه‌كی دیاریكراو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی نییه، ده‌مانه‌وێت به زووترین كات بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌ریش هه‌یه پشوو به مێسی بده‌ین چونكه پێویسته.
ڤاڵڤێردی ده‌شڵێت: سه‌رجه‌م یارییه‌كان و سه‌رجه‌م خاڵه‌كان گرنگن، له قۆناخی دووه‌مدا زۆر گرنگه خاڵ له‌ده‌ست نه‌ده‌ین و به‌رده‌وام بین له ئه‌نجامی باش.
گوتیشی: دی یۆنگ یاریزانی یانه‌كه‌ی دیكه‌یه، یاریزانێكی زیره‌كه و داهاتوویه‌كی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مه، به‌ڵام هه‌روه‌كو پێشتر گوتوومه نامه‌وێت قسه له‌سه‌ر یاریزانێك بكه‌م كه له یانه‌كه‌م نییه.
له باره‌ی یاری داهاتووی بارسێلۆنا له جامی شای ئیسپانیا به‌رامبه‌ر سێڤییا، ڤاڵڤێردی گوتی: هه‌موومان ده‌زانین سێڤییا یانه‌یه‌كی به‌هێزه، به‌ڵام پێویسته رێگه‌یه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و یانه‌یه بدۆزینه‌وه.