مۆرینهۆ: ئه‌مشه‌و كوڕه‌كانم پلانه‌كانی منیان به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ نه‌كرد

مۆرینهۆ: ڤار له‌ دژی ئێمه‌ قسه‌ی كرد

دوای ئه‌وه‌ی یانه‌ی لیڤه‌رپوول به‌ گۆڵێكی بێوه‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی شكستی به‌ تۆتێنهام هێنا، له‌مباره‌یه‌وه‌ مۆرینهۆ ره‌خنه‌ی له‌ ڤار گرت و جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ لانیكه‌م ئه‌وان شایسته‌ی به‌ده‌ستهێنانی خاڵێك بوون.

له‌ گه‌ڕی 22ـه‌می پرێمه‌رلیگ یانه‌ی تۆتێنهام له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی لیڤه‌رپوولی پێشه‌نگی خوله‌كه‌ی كرد، له‌و یارییه‌دا رۆبێرتۆ فێرمینیۆی هێرشبه‌ری به‌رازیلی تاكه‌ گۆڵی سه‌ركه‌وتنی یارییه‌كه‌ی له‌ دژی تۆتێنهام كرد.

دوای یارییه‌كه‌، له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا، خۆزێ مۆرینهۆ راهێنه‌ری یانه‌ی تۆتێنهام گوتی: ئه‌مڕۆسیسته‌می ڤار دژی ئێمه‌ بوو، چه‌ندانجار دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێمه‌ كاری كرد.

مۆرینهۆ گوتیشی: دڵخۆشم به‌ ئاستی كوڕه‌كانم له‌و یارییه‌دا، هه‌رچه‌نده‌ به‌ ته‌واوه‌تی پلانه‌كانی منیان جێبه‌جێ نه‌كرد، به‌ڵام ئاستێكی به‌رزیان به‌رامبه‌ر یانه‌ی لیڤه‌رپوول پێشكه‌ش كرد كه‌ له‌ ئێستادا یه‌كێكه‌ له‌ باشترین یانه‌كانی جیهان و تاكه‌ یانه‌یه‌ هیچ كه‌موكورتییه‌كی له‌ پێكهاته‌كه‌ی دا نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ له‌ یارییه‌كه‌دا شایسته‌ی خاڵێك بووین.

یانه‌ی تۆتێنهام له‌ كۆی 22 یاری، 8 بردنه‌وه‌، 6 به‌رامبه‌ربوون و 8 شكستی هه‌یه‌، 36 گۆڵی هه‌یه‌ و 31 گۆڵی لێكراوه‌ و به‌ 30 خاڵ له‌ خانه‌ی هه‌شته‌می ریزبه‌ندی دێت، به‌ جیاوازی 31 خاڵ له‌ یانه‌ی لیڤه‌رپوولی پێشه‌نگ دووره‌.