پێشمەرگەی هەولێر بەفەرمی ئیڤان خالیدی گواستەوە ریزەکانی

ئیڤان خالید: تەنیا لە خولی نایابی کوردستان یاریی بۆ پێشمەرگەی هەولێر دەکەم

یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەفەرمی گواستنەوەی ئیڤان خالیدی ناوەڕاستکاری یانەی هەولێری بۆ ریزەکانی راگەیاند و ئەو یاریزانەش دەڵێت تەنیا لە خولەکانی کوردستان یاریی بۆ پێشمەرگەی هەولێر دەکەم.

گەرچی پێشتر ئیڤان خالید لە چوونی بۆ برایەتی نزیکبوو، بەڵام ئەمڕۆ بەفەرمی پەیوەندی بە ریزەکانی پێشمەرگەی هەولێر کرد و لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 ئیڤان گوتی 'دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی هەولێر نەگەیشتمە رێککەوتن، ئەمڕۆ مافی دەستبەرداربوونم لە یانەی هەولێر وەرگرت، پیشمەرگەی هەولێر لەم کاتانەدا بۆ من باشترین بژاردە بوو بۆ خولی کوردستان یاریی بۆ ئەو یانەیە دەکەم، لە ژێر سەرپەرشتی راهێنەری پێشمەرگەی هەولێر پێگەیشتووم'. هەروەها ئیڤان گوتیشی 'تاکو ئێستا بۆ خولی عێراق من هەر یاریزانی یانەی هەولێرم، بەرپرسانی یانەی هەولێر پێیان راگەیاندم کە مافی دەستبەرداربوونەکەم بۆ خولەکانی کوردستان بە یەکجارییە و سووپاسی سەرۆکی یانەی هەولێر دەکەم لە دۆخی من گەیشت'.

جگە لە ئیڤان خالید، یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەفەرمی گواستنەوەی رامیار ئەحمەدی یاریزانی پێشووی یانەی کەرکووکیشی راگەیاند، کە تەنیا 13 رۆژ ماوە خولەکانی کوردستان دەستپێبکات و پێشمەرگەی هەولێر لە خۆئامادەکردندایە بۆ وەرزی نوێی خولەکە.