مه‌سرور بارزانی: به‌ قەڵەمەکانتان دەتوانن رۆڵی کارا لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەدا بگێڕن

مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی ئەکادیمی و رۆشنبیری و نووسەرانی عەرەب دەکات

K24 - هه‌ولێر:

ئەمرۆ یەکشەممە 7-4-2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ئەکادیمی و رۆشنبیری و نووسەرانی وڵاتانی عەرەبیی بەشدار لە چواردەیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب لە ھەولێر بە سەرۆکایەتیی فەخری كەریم، سەرۆكی دەزگای مەدا بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری و ھونەر کرد.

لەو دیدارەدا پەیوەندیی هاوبەش و رۆڵی مێژوویی نێوان هەردوو گەلی کورد و عەرەب لەلایەك و رەوشی رۆشنبیری و رۆڵی نووسەرانی لە قووڵکردنەوە و پتەوکردنی لێبووردەیی و یەکترقبووڵکردن و رەتکردنەوەی توندوتیژی و تیرۆر تاوتوێ کرا.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، مەسرور بارزانی وێڕای بەخێرهاتنی گەرمی شاندی میوان بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، کە گەلی کوردستان بە ناو و پێگەی ئەوان ئاشنایە و گوتی: "ئێوە لە رێگەی دەربڕین و قەڵەمەکانتانەوە دەتوانن رۆڵی کارا و ئەرێنی خۆتان لە قووڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و یەکترقبووڵکردنی نێوان هەردوو گەلی کورد و عەرەب بگێڕن و یارمەتیدەر بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

لە بەشیکی دیکەی خستنەڕووی بۆچوونەکانیدا لەبارەی خەباتی هاوبەش و پێکەوەیی نێوان گەلانی رەسەنی ناوچەکە، راسپاردەیەکی بارزانیی نەمری بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە، کە بەردەوام پێداگیر بووە لەوەی نابێت رێگە بدرێت خەبات و شەڕی نێوان شۆڕشی کورد لەگەڵ حکوومەتەکان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، ببێتە شەڕ و ناکۆکیی نێوان گەلان.

هەر لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی باسی لە مرۆڤدۆستیی و بەخشندەیی و رەوشتی بەرزی گەلی کورد کرد، کە لە هیچ بارودۆخێکدا دەستبەرداری ئەو گیانە نەبووە و گوتی: "خزمەتکردنی برایانامان لەوانەی بە هۆکاری جودا پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە، بە ئەرکی مرۆیی خۆمان دەزانین و بەشێکە لە فەرهەنگی گەلەکەمان".

هەروەها داوای لە ئامادەبووان کرد، ببنە باڵیۆزی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانی برایانە و رایگەیاند، دەتوانین پێکەوە بەهێزتر و دەوڵەمەنتر بین، بۆئەوەی وڵاتەکەمان ئاوەدانتر بکەینەوە.

لە بەشێکی دیکەدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پێشڤەچوونی ئەرێنیی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دا و رایگەیاند، ئێمە بە کورد و عەرەبەوە بووینەتە قوربانیی سیستمە دیکتاتۆريیەکان و گوتی: "زۆرجار خەڵک کراوەتە قوربانیی ئەجێندای سیاسي".

لەبارەی ژیان و گوزەرانی عێراقییانەوە جەختی لەوە کردەوە، کە عێراق لە رووی سامانی ئابووری و بەشەرییەوە دەوڵەمەندە، بەڵام کێشەی خراپ بەڕێوەبردنی هەیە. هەر لەم روانگەیه‌وە چارەسەرکردنی بنەڕەتییانەی کێشە سیاسییەکانی بە مەبەستی سه‌قامگیری و گەشەسەندنی عێڕاق بە پێویست زانی.

دواتر بەشێک لە ئامادەبووان تێبینی و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو و سەرسامیی خۆیان بە پێکەوەژیانی برایانەی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئاینزاکانی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتن و بوژانەوەکان لە گشت بوارەکاندا، باتایبەتی له‌ بواری رۆشنبیری دەربڕی و ئاواتی سەکەوتنیان بۆ مەسرور بارزانی خواست لە ئەرکی نوێیدا، بۆ زیاتر بووژانەوەی بوارەکان و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە نموونەیەکی پێشکەوتووی ناوچەکە.

هەروەها پێشنیازی ئەنجامدانی فێستیڤال و چالاکیی دیکەی هاوشێوەی پێشەنگای کتێبیان کرد، بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و تێکەڵاویی زیاتری رۆشنبیران و نووسەرانی نێوان هەردوو گەل.

ئ. م