پارتی و گۆڕان لەسەر ئاستی باڵا کۆده‌نەوە

كاریگه‌ریی به‌هێزی ده‌بێت بۆ سەرخستنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

پارتی و گۆڕان رایدەگەیەنن, بە رێککەوتنی هەردوولا, قورسایی سیاسی بەهێزتر  دەداتە ریفراندۆم، ئەندامێکی جڤاتی گشتی گۆڕان دەڵێت  بە رێککەوتنی پارتی و گۆڕان دڵنیايی و خۆشگوزەرانی زیاتر لای هاووڵاتیيان دروست دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە هەفتەی داهاتوو, پارتی و گۆڕان لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە.

کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی پارتی و گۆڕان, بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پرۆسه‌ی ریفراندۆم و چاککردنی بژێویی هاووڵاتیان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دەڵێت: بە رێککەوتنی هەردوولا كاریگه‌ری به‌هێزی بۆ سەرخستنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ده‌بێت، به‌ تایبه‌ت له‌ رووی سیاسییه‌وه‌.

دوای ئەوەی پارتی مەرجه‌كانی بۆ کارکردنەوەی پەرلەمان هەڵگرت، بزووتنەوەی گۆڕانیش نەرمی لە هەڵوێستەکانی نواندووە، ئەمە بووتە رێگا خۆشکردن بۆ گفتوگۆی راستەوخۆی هەردوولا، ئەندامێکی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایه‌ بە رێککەوتنی هەردوولا هاووڵاتیان متمانەیان زیاتر دەبێت و پرۆسەی ریفراندۆمیيش سەرکەوتنی زیاتر بەدەست دەهێنێت.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان  کۆببنەوە، کۆبوونەوەی هەردوولا لە کاتێکدایە چەندین قەیران لە هەرێمی کوردستان بەرۆکی هاووڵاتیانی گرتووە، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بە رێککەوتی پارتی و گۆڕان جگە لە چارەسەری كێشه‌ سیاسییه‌كان، رێگا چارەسەريیه‌كیش بۆ قەیرانی دارایی  بدۆزنه‌وه‌.