بەلەمەكانی نێو رووباری دیجلە قەدەخە دەكرێن
K24 - بەغدا
دوا بەدوای رووداوەکەی مووسڵ وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بەکارھێنانی بەلەم و قەیاغەکانی نێو رووباری دیجلەی قەدەخەکردووە تاوەکو رێنمایی نوێیان بۆ دەردەکەن. پەرلەمانی عێراقیش دەنگی لەسەر دورخستنەوەی پارێزگار و جێگرەکانی دەکرد.
بەشێك لە خەڵكی مووسڵ، خاوەنی دورگە گەشتیاریەکەی شارەكەیان بە کەمتەرخەم دەزانێت لە رووداوی نقومبوونی بەلەمەكە و حکوومەتیش بەوە تۆمەتبار دەکات کە پێشتر رێنماییەکانی بەسەریان نەسەپاندووە.
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران دەنگ بۆ دروخستنەوەی پارێزگاری مووسڵ و جێگرکانی دا و لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راستی رووداوەکەش کەسانی کەمتەرخەم ئاشکرا دەکەن.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و بەرگری شارستانی بڕیاری قەدەخەکردنی کاری بەلەمەکانی نێو روباری دیجلەیان دەرکردووە، سەرپەرشتیاری بەلەمەکانی ناوچەی ئەعزەمیە و خاوەنی قەیاغ و تەکسیە ئاویەکانیش دەڵێن، ئەستەمە ئەو رووداوەی مووسڵ لە بەغدا دووبارە ببێتەوە، چونکە ھەموو بەلەمەکانی بەغدا لەژێر چاودێری و رێنمای وەزارەتی گواستنەوەی عێراقی دروستکراون و مۆڵەتیان پێدراوە.
ھ.م