"پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ كورد گرنگە"

پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ھیچ گرنگییەكی بۆ كورد نەماوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

به‌شێك له‌ نوێنه‌رانی كورد له‌په‌رله‌مانی عێراق پێیان وایه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق هیچ گرنگییه‌كی بۆ كورد نه‌ماوه‌ و ده‌بێت كورد كار بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك په‌رله‌مانی عێراق بكات كه‌به‌ گوێره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان سه‌رۆك په‌رله‌مان ده‌توانێت هه‌ر هه‌وڵێك په‌ك بخات كه‌ له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌حوكمی ‌زۆرینه‌ دژی كورد ده‌درێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24 راگەیاند: "لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا وەرگرتنی پۆستە باڵاكانی عێراق بۆ كورد سەختە ئەگەر یەك دەنگ نەبین، دوای ھەڵبژاردن پێویستە فراكسیۆنە كوردستانییەكان ھاوپەیمانیەتی دروست بكەن، بۆ ئەوەی پێداگری بكەن لە وەرگرتنی پۆستە باڵاكان بۆ كورد، ھەروەھا رێگربن لەو بڕیارانەی دژی مافی خەڵكی كوردستان دەدرێن، بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گەڕانەوەی كۆمەڵێك یاسای دیكە پێویستە كورد ھەوڵبدات پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت".

یه‌كێتی پێی وایه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار پۆستێكی ته‌شریفاتییه‌ و له‌دوای جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆك كۆماری كۆچكردووی پێشووی عێراقیش ئیدی ئه‌و پۆسته‌ بۆ كورد هیچ گرنگی نه‌ماوه‌، ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق له‌ لیستی یه‌كێتی ده‌ڵێ، ده‌بێت كورد هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ست هێنانی پۆستی سه‌رۆك په‌رله‌مانی عێراق بدات تا بتوانین، رێگری له‌هه‌ر هه‌وڵێك بكه‌ین كه‌ بیه‌وێت به‌ زۆرینه‌ مافه‌كانی كورد پێشێل بكات.

نەوزاد رەسوڵ، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت: "لە پێناوی گەلەكەمان پێویستە ھەوڵبدەین پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە دەست بێبین، بۆ ئەوەی بتوانین لە چوارچێوە یاساییەكەدا، كۆمەڵێك مافی گرنگ ھەیە بە ھاوكاری فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە دەستی بێنین".

گوتیشی: "پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق تا ئەوكاتە گرنگی ھەبوو، كە مام جەلال سەرۆك كۆمار بوو".

ھ.م