بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك داوای یه‌ك لیستی ده‌كرێت

لایەنەكان بڕیاری یەك لیستییان نەداوە
kurdistan24.net

K24 - كه‌ركووك:

هێشتا پەرلەمانی عێراق، ئەوەی یەکلای نەکردووه‌تەوە  لە مانگی نۆڤمبەردا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێ یاخود نا، بەڵام لە ئێستاوە خەڵکی کەرکووك دەخوازن سەرجەم هێزە سیاسیيەکان بەیەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن، ئەم حەزە لای هێزە سیاسيیەکانیش هەیە کە دەیانەوێت یەک لیست بن، به‌ڵام هێشتا بڕیاریان نەداوە.

پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، باسێکی گەرمی نێو هاووڵاتیان و ناوەنده سیاسیيەکانە، دانیشتووانی کەرکووك لە نەتەوەی کورد کامیان باش دەبینن یەک لیستی یان فرە لیستی؟

دواجار بڕیار لای هێزە سیاسیيەکانە، پارتی کە ئێستا لە کەرکووك نیيە، بەڵام لەگەڵ یەک لیستیدایە،  لەحاڵه‌تێکدا ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت، چونکە دەیەوێت لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا ئامادەيی هەبێت.

ئەنجوومەنی پارێزگای ئێستا تاڕادەیەك پەکیکەوتووە و بێدەسەڵاتە، ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت ئەوكات ئەنجوومەن کارا دەکرێتەوە.

پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەنها ئەوەندەی ماوە کە پەرلەمانی عێراق بریاری کۆتایی لەسەر بدات و کاتەکەی دیاریبکات، چونکە کۆميسیۆن بەروونی ئەوەیان وت، ئەوان ئامادەن لە مانگی نۆڤمبەر هەڵبژاردن بەڕێوببەن لە شارەکە.