سالار عەقیلی كۆنسێرتێك لە ھەولێر ساز دەكات

"حەز دەكەم لەگەڵ شڤان پەروەر گۆرانی بڵێم"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ھونەرمەندی كلاسیكی ئێرانی سالار عەقیلی، لە ھەرێمی كوردستانە و رۆژی پێنج شەممە 14 ئادار لە ئێوارە كونسێرتێك لە شاری ھەولێر جیا لەوەی گۆرانی فارسی پێشكەش دەكات چەند بەرھەمی كوردیشی ئامادە كردوە و پێشكەشی خەڵكی كوردستانی دەكات.

سالارعەقیلی، سەردانی قەڵای ھەولێری كردوە و تایبەت بە كوردستان24 باسی خۆی و كارەكانی دەكات و دەڵێ جیا لەوەی 3 بەرھەمی كوردی ئامادە كردوە لە داھاتوو حەز دەكات لەگەڵ ھونەرمەندی كورد شڤان پەروەر گۆرانی كوردی بڵێتەوە.

سالارعەقیلی، بە كوردستان24ی گوت: "من زۆر خۆشحاڵم بۆ یەكەمجارە ھاتوومەتە كوردستان و شاری ھەولێر و ئێستاش كە سەردانی ئەم شوێنە مێژووییەم كرد زۆرم بە دڵ بوو، شارێكی جوان و ئارامە. ھیوادارم ئەم ئاڵوگۆڕە كلتورییە بەردەوام بێ. من ھۆگرییەكی تایبەتم بە كوردستان و خەڵكی كورد ھەیە، چونكە ھەم مامۆستای مۆسیقیم كورد بووە و مۆسیقای كوردی فێر كردووم، ھەمیش من بە رەچەڵەك كوردم و باپیرانی من كورد بوون كە لە سەردەمی رەزا شا لە كوردستانەوە بەرەو  پارێزگای مازەندەران دوورخرانەوە".

سالارعەقیلی، یەكەمین گۆرانیبێژی ئێرانییە كە لە مێژووی مۆسیقی ئێراندا 3 ساڵ لە مەوبەر دەنگەژێی "بیمە" كراوە، ئەو جیا لە گۆرانی فارسی 3 بەرھەمی كوردی ئامادەكردوە.

 سەبارەت بە ھەڵبژاردنی گۆرانی كوردی سالار عەقیلی گوتی: "لە مۆسیقی كوردستان ھەوڵمداوە ئەو گۆرانی و موزیكە ھەڵبژێرم و دووبارەی  بكەمەوە، كە كلاسیكین و دیارن و لەگەڵ من دەگونجێت، بۆیە یەكێك لە گۆرانییەكان مامۆستا سەید ئەسغەر كوردستانیم ھەڵبژرادووە. ھەڵبەت لەم كۆنسێرتە 3 گۆرانی كوردیم ئامادە كردووە. حەز دەكەم كارێكی ھاوبەشم ھەبێ لەگەڵ ھونەرمەدانی كورد. پێم خۆشە لەگەڵ دكتۆر شڤان پەروەر، كار بكەم و جارێكیش لە ئەڵمانیا ھاتە كۆنسێرتی من  و یەكتیرمان ناسی و بڕیارماندا پێكەوە چەند كارێك تۆمار بكەین".

سالار عەقیلی، تائێستا لە وڵاتانی ئەمەریكا، كەنەدا، بەریتانیا، ئیتالیا، ئەڵمانیا و چەندین وڵاتی دیكە كۆنسێرتی ساز كردوە ئێستاش بۆ یەكەمجار ھاتووەتە ھەرێمی كوردستان و بڕیارە لە ئێوارەی رۆژی شەممە 14ی ئادار بە بۆنەی یادەكانی نەورۆز و ئادار كۆنسێرتێك لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە ھەولێر ساز بكات و بەرھەمەكانی پێشكەشی خەڵكی كوردستان بكات.

ھ.م