"وەرگرتنی پارەی رێگەوبان و ژینگە لەئاست خزمەتگوزارییەكان نییە"
K24 - سلێمانی
بەبڕیارێكی ئەنجوومەنی وهزیرانی ھەرێمی كوردستان ماوەی 4 ساڵە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی ھەرێمی كوردستان لە بەرامبەر ھەر مامەڵەیەکی تۆمارکردن و کاروباری ئۆتۆمبێل پارەی ژینگە و رێگاوبان لە ھاووڵاتیان وەردەگیرێت، بەڵام ھاووڵاتیان نیگەرانن لەو بڕە پارانەی لە کاری رۆتین و بەناوی بەکارھێنانی رێگەوبان و پیس بوونی ژینگە لێیان وەردەگیرێت.
ژمارەیەك ھاووڵاتی پێیانوایە تائێستا ئەو پارەیەی بۆ ژینگە و رێگاوبان لێیان وەردەگریێت لەئاست خزمەتگوزارییەكاندا نییە و بەڵكو بەشێك لە ھۆکاری رووداوەکانی ھاتووچۆ و ئهمهش بۆ خراپی رێگاوبانەكانی كوردستان دەگەرێتەوە.
شوان محەمەد، ھاووڵاتییەکی دانیشتووی پارێزگای ھەولێرە، بۆ مامەڵەی بەناوكردن و گواستنەوەی مامەڵەی ئۆتۆمبێلەكەی سەردانی بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی كردووە. ئەو بە كوردستان24 گوت: "كارەكان بە باشی بەڕێدەكرێت، بەڵام پارەیەكی خەیاڵی وەردەگیرێت، من لە ھەولێرەوە ھاتووم ئۆتۆمبێلەكەم بەناو بكەم و مامەڵەكەی بگوازمەوە ھاتووچۆی ھەولێر 250 ھەزار دینارم لێوەرگێراوە، ئەو بڕە پارە ئەگەر بەناوی ژینگە و رێگاوبانە، ژینگەكەمان پیسە و رێگاوبانەكانیش خراپن".
ھەر پەیوەست بەوباسەوە ھاووڵاتییەكی دیكە دلێر محەمەد، دەڵێ: "پارەیەكی زۆر بۆ ژینگە لە شوفێران دەستێنرێ و بەناوی رێگا پارە وەردەگیرێت رێگاكان ھەمووی تاسە و چاڵن، ئەگەر رێگاوبان چاك بكرێت ئاساییە ھەرچەند پارە بدەین، بەڵام بەمشێوەی ئێستا زوڵمە".
گوتەبێژی ھاتووچۆی سلێمانیش رایدەگەیەنێت، داوایان پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە سندوقی داھاتی بەرێوەبەرایەتی ھاتووچۆ جیابکرێتەوە.