"ئەمەریکا بەرامبەر بە چین یاساکانی بازرگانی پێشێل دەكات"

ترەمپ چاوی پێدادەخشێنێتەوە

K24 - ھەولێر

رێكخراوی بازرگانی جیھانی لە راپۆڕتێكیدا بڵاویکردەوە، ئەمەریكا لە ساڵی 2018دا كۆمەڵێك پێناسی گومرگی بەسەر كاڵای چینی سەپاندووە، بەڵام پێچەوانەی یاساکانی رێکخراوەکەیە.

لە راپۆرتەكەیدا داوا لە ئەمەریكا دەكات، ئەو رێوشوێنانەی كە بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی دەیگرێتەبەر، لەگەڵ ئەو پابەندییە بگونجێت كە لە رێككەوتنی گشتی پێناسی گومرگی و بازرگانیدا لە ساڵی 1994 دیاریکراوە.

بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەیداوە، ھیواخوازن ئەمەریكا رێز لە بڕیارەكەی رێكخراوی بازرگانی جیھان بگرێت.

لای خۆیەوە ترەمپ رایگەیاندووە، ئاگاداری ئەو بڕیارە نییە كە رێكخراوی بازرگانی جیھانی سەبارەت بە بازرگانی نێوان ئەمەریكا و چین بڵاویكردووەتەوە، بۆیە دواتر چاوی پێدا دەخشێنێتەوە.

جەختیشیكردەوە، ھیچ كات كار و بریارەكانی رێكخراوی بازرگانی جیھانی بە دڵ نەبووە، بەتایبەت كە رێكخراوەكە ئاماژەیداوە ئەمەریكا پێشێلكاری لە یاسا جیھانییەكان دەكات و لە چوارچێوەی جەنگی بازرگانی نێوان چین و ئەمەریكا پێناسی گومرگی بە ملیاران دۆلار سەپاندووە.

ترەمپ راشیگەیاند، پێویستە شتێك بكەن دەربارەی رێكخراوەكە، چونكە رێگەیان بە چین دا لە ھەڵەكانی دەربازی ببێت.

ئەوە لە كاتێكدایە، ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری جێبەجێكردنی ژمارەیەك پێناسی گومرگی لەسەر ھاوردەكانی چین دا، كە بەرھەمی كشتووكاڵی، ئۆتۆمبێل و تەكنەلۆژیاش لەخۆدەگرێت.